ئێران هاووڵاتیەکی بە تۆمەتی هاوکاریکردنی مۆساد لە سێدارەدا

K24 - هەولێر

دەسەڵاتی دادوەری ئێران رایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە، ئێران پیاوێکی ئاینی بە تۆمەتی هاوکاریکردنی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل لە سێدارەدا.

ماڵپەڕی "میزان"ـی سەر بە دەسەڵاتی دادوەری رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 16ـ12-2023، "سزای لەسێدارەدانی دژی سیخوڕێکی ئیسرائیلی لە زیندانی زاهیدان لە پارێزگای بەلووچستانی ئێران ئەنجام دراوە.

ماڵپەڕی میزان ناوی ئەو کەسەی ئاشکرا نەکردووە کە لەسێدارە دراوە، بەڵام رایگەیاندووە ئەوکەسە بە تۆمەتی هاوکارییکردنی هەواڵگری و سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل سزا دراوە.

دەشڵێت: تۆمەتەکانی "کۆکردنەوە و پێدانی زانیاری نهێنی بە دەزگای سیخوڕی مۆساد بە ئامانجی تێکدانی سیستەمی گشتی بووە".

ئێران پێشتر دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی راگەیاندبوو، کە بە سیخوڕیکردن بۆ وڵاتانی بیانی ناوی بردوون، کە لە نێویاندا ئیسرائیل کە دوژمنی سەرسەختی وڵاتەکەیە.

لە مانگی کانوونی یەکەمی 2022، ئێران چوار کەسی بە تاوانی هاوکارییکردنی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل لە سێدارە دا، هەروەها تاران ئیسرائیل تۆمەتبار دەکات بەوەی کە هێرشی تێکدەرانە و تیرۆرکردن ئەنجام دەدات و بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەکاتە ئامانج.

ئەمریکا و ئیسرائیلیش ئێران بەوە تۆمەتبار دەکەن کە بە هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، هێزەکانی ئەمەریکا و کەشتییە پەیوەندیدارەکان بە ئیسرائیلەوە لە کەنداو دەکاتە ئامانج.

گروپەکانی مافی مرۆڤ لەوانە رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەڵێن: ئێران لە رووی سزای لە سێدارەدان لە پلەی دووەمی جیهانیدایە لە دوای چین.

رێکخراوی "مافی مرۆڤ لە ئێران" کە بنکەکەی لە نەرویجە لە راپۆرتێکدا رایگەیاندووە، کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە 600 کەسی لە سێدارە داوە، کە ئەمەش لەماوەی هەشت ساڵی رابردوودا زۆرترین ژمارەیە.