کوردستان24 بەشێک لە دەنگی پارتی لە دەنگدانی تایبەتی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بڵاودەکاتەوە

لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان
لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان

K24 – هەولێر:

بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی دەنگدانی تایبەتی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان سەرکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە.

لە کەمپی هەرشەم، لە کۆی 266 دەنگ کە مافی بەشداریکردنیان هەبوو 198 دەنگدەر بەشداری پرۆسەی دەنگدانیان کردووە و لیستی 197ـی پارتی 124 دەنگی بەدەستهێناوە.

لە کەمپی حەسەن شام 3، لە کۆی 262 دەنگی قبوڵکراو کە لیستی پارتی 189 دەنگی بەدەستهێناوە.

هەروەها لە کەمپی خازر، کۆی گشتی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبوو 314 دەنگ بوو، 212 دەنگ دراوە و 172 فۆرمی دەنگدان قبوڵکراوە، کە لیستی پارتی 145 دەنگی بەدەستهێناوە.

لە کەمپی بەحرکە، کۆی گشتی دەنگدەران هەزار و 274 دەنگ بووە و 974 دەنگ دراوە و 91 دەنگیان پووچەڵ بووە، لیستی پارتی 597 دەنگی بەدەستهێناوە.

لە کەمپی دیبەگە، کۆی گشتی ژمارەی دەنگدەران هەزار و 363 دەنگ بووە و هەزار و 49 دەنگ دراوە و 295 دەنگیان پوچەڵ بووە و دەنگی لیستی پارتی 633 دەنگ بووە.

ئەمڕۆ شەممە (16ـی کانوونی یەکەمی 2023) دەنگدانی تایبەت لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بە بەشداری هێزە چەکدارەکان و دەزگا ئەمنییەکان و ئاوارەکان بەڕێوەچوو کە ملیۆنێک و 50 هەزار و 653 کەس مافی دەنگدانیان هەیە و 600 بنکەی دەنگدانیان بۆ ئامادەکرابوو کە دوو هەزار و 477 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت.

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ شەممە کاتژمێر 07:00ـی بەیانی، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 15 پارێزگای عێراق، ناوچە کوردستانییەکان و هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و تا کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە بەردەوام بوو.

رۆژی 18ـی ئەم مانگە، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق (جگەلە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوەدەچێت کە زیاتر لە 16 ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان لەو هەڵبژاردنە هەیە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری کردووە بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و 766 بنکەی ده‌نگدان کە لە 38 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ناوەندەکانی دەنگدان و وێستگەکان لەلایەن فەرمانبەرانی دەوڵەت و خوێندکارانی زانکۆ و دەرچووان بەڕێوەدەبرێن كه‌ ژماره‌یان 214 هەزار و 595 کارمەندە.

لەم هەڵبژاردنەدا، 70 پارت و هاوپەیمانی سیاسیی کێبڕکێ لەسەر 275 کورسی لە هەر 15 پارێزگاکە دەکەن کە کە نزیکەی شەش هەزار کاندید لەسەر لیستەکان و بەشێوەی سەربەخۆ، کێبڕکێی هەڵبژاردن ئەنجامدەدەن.