کەشتیەکی جەنگیی ئەمریکا 14 فرۆکەی بێفڕۆکەوانی حوسییەکان دەخاتە خوارەوە

کەشتیی جەنگیی کارنی
کەشتیی جەنگیی کارنی

K24 – هەولێر :

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند، کەشتیەکی جەنگیی مووشەک هەڵگریان، 14 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حوسییەکانی سەر بە یەمەنی لە دەریای سوور خستۆتە خوارەوە.

ئەمڕۆ شەممە ( 16-ی کانوونی یەکەمی 2023)، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: کەشتیی جەنگیی( یو ئێس ئێس کارنی) لە جۆری ئێرلی بێرگ ئەو کاتەی لە دەریایی سوور ئەرکەکانی جێبەجێکردووە، سیستەمی دژە فڕۆکەکانی کاری کردووە و 14 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خستۆتە خوارەوە کە لەناوچەی حوسییەکانی یەمەنەوە هەڵدرابوون.

ئەو راگەیاندراوەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە، سیستەمی ئاسمانیان ئاشکرای کردووە، ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە پڕ تەقینەوە بوونە، بەر لەوەی هیچ زیانێک بەو کەشتیانە بگەیەنن کە لە ناوچەکەدا هەیە، کەشتیی جەنگیی( یو ئێس ئێس کارنی) تەواوی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی خستۆتە خوارەوە، ئاژانسی رۆیتەرزیش بڵاوی کردۆتەوە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا هاوبەشە هەرێمیەکانی لە دەریای سوور ئاگادار کردۆتەوە لە بوونی هەڕەشەکان.

ئەو فەرماندەییە رایگەیاندووە، حوسییەکانی یەمەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی مووشەکیی بۆ بە ئامانجگرتنی ئیسرائیل هەڵدەدەن، بەڵێنیشیانداوە هەموو ئەو کەشتییانە بکەنە ئامانج کە بەرەو ئیسرائیل دەچن، بێ ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە ئەو کەشتیانە سەر بە چ وڵاتێکە، لەگەڵ ئەوەی حکومەتی یەمەن دەڵێ: ئەو گرووپە رێنمایی ئێران جێبەجێ دەکەن، هیچ پەیوەندییەکیان بە پرسی فەڵەستینەوە نییە  کە خۆیان باسی دەکەن.

کارزان حەیدەر