هێرشکرایە سەر دوو بنکەی ئەمەریکا

ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - هەولێر

بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ئاشکرای کرد، هێرشی کردووەتە سەر دوو بنکەی ئەمەریکای لەناو خاکی سووریا.

لە راگەیەندراوێکدا بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی عێراق بڵاویکردەوە، لە بەرامبەر پشتگیرییەکانی بۆ ئیسرائیل، لە رێگەی درۆنەوە هێرشیان کردووەتەوە سەر هەردوو کێڵگەی عومەر و کۆنیکۆی سەر بەهێزەکانی ئەمەریکا لە قوڵایی خاکی سووریا.

بەرەی مقاوەمە ئاماژەی بەوەشداوە، توانیویانە هەردوو ئامانجەکەیان بە وردی بپێکن.

ئەمە لەکاتێکدایە، پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا (پێنتاگۆن) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، "لە ناوەڕاستی مانگی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە تائێستا، لە عێراق و سووریا 89 هێرش لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران کراونەتە سەر هێزەکانمان".

راشیگەیاند "لەگەڵ حکومەتی عێراق لە هەماهەنگی نزیک دادەبین، بەڵام لە کۆتاییدا، ئەگەر هەڕەشە لە هێزەکانمان بکرێت، دوو دڵ نابین لە هەنگاونان بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتییان".

هەر پەیوەست بە هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا رۆژی 13/12/2023 وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەنجامدا و هێرشی سەر بنکەکانی ئەمەریکا لە عێراق بە تیرۆریستی وەسفکرد.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بڵاویکردەوە، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرباری سەرکۆنەکردنی بە ئامانجکردنی باڵیۆزخانە و بنکەکانی ئەمەریکا لە عێراق، جەختی لەوەشکردووەتەوە، پێویستە بەرپرسانی بەغدا لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ بکەرانی ئەو دەستدرێژیانە بکەن.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، ئەنتۆنی بلینکن ئاماژەی بەوەشداوە، "گرووپە چەکدارەکانی عێراق بەپشتیوانی ئێران هێرش دەکەنە سەر بنکەکانی ئەمەریکا لەپێناو پێشێلکردنی سەربەخۆی و سەروەری عێراق".