کتێبی " ریشەسازی زمان و وشەی کوردی" بڵاوکرایەوە

K24 - هەولێر

کتێبی " ریشەسازی زمان و وشەی کوردی" کە باس لە رەچەڵەکی زمان دەکات، لەلایەن پڕۆفیسۆر دکتۆر رەفیق شوانی نووسراوە و بڵاوکرایەوە.

پ. د. رەفیق شوانی، نووسەر بە کوردستان24ـی راگەیاند، "کتێبی (ریشەسازی زمان و وشەی کوردی) ئەو زانستەیە کە باس لە رەچەڵەکی زمان دەکات، لە رووی مێژووییەوە دەچێتەوە سەر کۆمەڵە زمان یاخود کۆمەڵە خێزان ،کە نیشتمانەکەی کوێیە، تۆ دەتوانیت هەر وشەیەک لە زماندا بەپێی رەگ و ریشەکەی بگەڕێنیتەوە سەر بنچینە مێژووییەکەی بۆ نموونە ئەو وشانەی وەک، ئەربیل کەرکووک، زاگرۆس، ورمێ، ئامەد، دەیان وشەی دیکە کە لێکمداوەتەوە و گەڕاندوومنەتەوە سەر بنچینە و شێوە ئەسڵییەکەی خۆی کە لەڕووی زمانەوە گۆڕان بەسەر وشەکەدا هاتووە و ئەم وشانە وشەی کوردین".

گوتیشی: "بابەتەکانی کتێبەکە بریتییە لە گرنگی ریشەناسی، واتای ریشەناسی، پێناسەی ریشەناسی، جۆرەکانی ریشەناسی، هەروەها ریشەناسی بە درێژایی مێژووەوە چۆن بووە، لەگەڵ چۆنییەتی پەیدابوونی ریشەناسی هۆی پەیدابوونی ریشەناسی، ریشەناسی لای ئەورپا، عەرەب، فارس و کورد، دواتر هاتووم جیاوازی ریشەناس لای کورد، ئەمەریکا، فارس و عەرەبم باس کردووە".

ئا: لاڤین عومەر