ئیسرائیل: ئەمەریکا رووبەڕووی  14 درۆنی حوسییەکان لە دەریای سوور بووەتەوە

کەشتییەکی سەربازی  ئەمەریکا
کەشتییەکی سەربازی ئەمەریکا

K24 - هەولێر

سوپای ئیسرائیل دەڵێت، ئەمەریکا رووبەڕووی 14 درۆنی حوسییەکان لە دەریای سوور بووەتەوە.

دانیال هاگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هێزەکانی ئەمەریکا لە دەریای سوور رووبەڕووی 14 درۆنی حوسییەکان بوونەتەوە کە بەرەو ئیسرائیل ئاڕاستەکرابوون.

گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ئـاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ هێزەکانی ئەمەریکا هەماهەنگی بەردەوامییان بۆ رووبەڕووبوونەوەی "حوسییەکانی نزیک لە ئێران" هەیە.

ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ شەممە، 16-12-2023، لوید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمەریکا، فەرمانی بە کەشتی فڕۆکە هەڵگری "یو ئێس ئێس جیراڵد ئار فۆرد" و کەشتییەکی دیکەی جەنگی کرد بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک لە دەریای ناوەڕاست لە نزیک ئیسرائیل بمێننەوە.

ئەمە سێیەم جارە ماوەی جێگیرکردنی کەشتی فڕۆکە هەڵگری فۆرد درێژ دەکرێتەوە، ئەمەش تیشک دەخاتە سەر نیگەرانییە بەردەوامەکانی ئەمەریکا سەبارەت بە ناسەقامگیری ناوچەکە لە کاتی شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە.

پێنتاگۆن لە دوای هێرشەکانی حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەر، ئامادەیی سەربازی خۆی لە ناوچەکە چڕترکردووەتەوە.

19 کەشتی جەنگی ئەمەریکی لە ناوچەکەدا هەن، کە حەوت کەشتی لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و 12 کەشتی دیکەش بە درێژایی باشووری دەریای سوور جێگیرکراون.