ئێران لە رێگەی نۆژەنکردنەوەی پاڵاوگەی حومس دەیەوێت کۆنتڕۆڵی کەرتی وزەی سووریا بکات

پاڵاوگەی نەوتی حومس
پاڵاوگەی نەوتی حومس

K24 - هەولێر

ئێران دەست دەکات بە نۆژەنکردنەوەی پاڵاوگەی نەوتی حومس، ئەمە کارەی ئێرانیش بۆ دەستبەسەرداگرتن و کۆنترۆڵکردنی کەرتی بەرهەمهێنانی وزەیە لە سووریا.

ئاژانسی هەواڵی فارس"ـی ئێران بڵاویکردووەتەوە، ئێران دەست دەکات بە نۆژەنکردنەوە و پاراستنی پاڵاوگەی حومس کە توانای بەرهەمهێنانی 120 هەزار بەرمیل هەیە، لە بەرامبەردا قازانج لە پاڵاوتنی نەوت بەدەستی دەهێنێت ئەگەر هەلومەرجەکە گونجاو بێت.

ئەمەش دوای تەواوکردنی کاری چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی گروپی غاز لە وێستگەی کارەبای بانیاس لەلایەن کۆمپانیایەکی ئێرانییەوە هات، ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ دەرکردنی بڕیارێکی سووریا بۆ وەستاندنی دابینکردنی غاز بۆ کارگەی پەینی حومس، کە لەلایەن کۆمپانیای "سترۆی ترانس غاز"ی رووسیا لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا وەبەرهێنرابوو.

بەپێی ماڵپەڕی فەرمی پاڵاوگەکە، وەک دامەزراوەکانی دیکەی حکومەتی سووریا، پاڵاوگەی حومس تێکچووە ە نۆژەنکردنەوەکەی سەخت بووە، ئەمەش بەهۆی دەستەبەرنەکردنی پارچەی یەدەگە بەهۆی سزا ئابوورییە نێودەوڵەتییەکانەوە.

سەرچاوە ئابورییەکانی سووریا بە "شەرقولئەوسەت"یان راگەیاند، ئێران چەندین بژاردەی هەیە بۆ پاڵاوتنی نەوتەکەی، وەک کوبا، نیکاراگوا، ئەفریقای باشوور، یان وڵاتانی ئاسیا، بەڵام هەڵبژاردنی پاڵاوگەی حومس لە رووی ئابووری و سیاسییەوە باشترین بووە، بەهۆی فراوانی شەڕ لە ناوچەکەدا، ئاماژەیان بەوەشکرد، ئێران پاڵاوگەی بانیاس بەکاردەهێنێت، لە کەناراوەکانی سووریا بۆ پاڵاوتنی نەوت، کە بڕێکی کەمی دەچێتە بازاڕی سووریا و زۆرترین بڕەکەی لە رێگەی لوبنانەوە هەناردە دەکرێت، ئەمەش وەک رێگەیەک بۆ دەربازبوون لە سزا نێودەوڵەتییەکان.

پاڵاوگەی بانیاس
پاڵاوگەی بانیاس

سەرچاوەکان دەشڵێن: پاڵاوگەی حومس توانای 120 هەزار بەرمیل پاڵاوتنی هەیە لە رۆژێکدا، لەگەڵ پڕۆژەکانی ئێران بۆ کاراکردنی هێڵی ترانزێت و هێڵی ئاسنین بەناو عێراقدا، بە مەبەستی کەمکردنەوەی تێچووی پێویست بۆ گواستنەوەی دەریایی، کەمکردنەوەی مەترسییەکان و کەمکردنەوەی کات.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکرد، لە رووی سیاسیەوە کۆنتڕۆڵکردنی کەرتی بەرهەمهێنانی نەوت لە سووریا، دەبێتە هۆی ئەوەی ئێران توانا سەربازییەکانی خۆی لە سووریا و لوبنان بەهێز بکاتەوە و پاڵپشتی هاوپەیمانەکانی بکات، بەم شێوەیە بۆ ماوەیەکی درێژ لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە.

راشیانگەیاند، ئەو شوێنانەی ئێران هەژمونی هەیە لە سووریا بریتی لە "ئەلبوکەمال لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور، دەروازەی ئەلبوکەمال- قائیم، هەروەها رووبەرێکی بەرفراوانی سنووری عێراق و  کەناراوەکان و رۆژئاوای پارێزگاکانی حومس و قەلەمون لە لادێکانی دیمەشق و لەم دواییانەشدا ناوچەکانی باشووری سووریا کۆنترۆڵ کردووە.

ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئێران پلانی نۆژەنکردنەوەی پاڵاوگەی بانیاسیشی هەیە، جگە لە بەشداریکردنی لە نۆژەنکردنەوەی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبادا، بەم شێوەیە دەکرێ بڵێین، کە کەرتی بەرهەمهێنانی وزە لە سووریا بەدەست قەیرانێکی سەختی وزەوە دەناڵێنێت، ئەمەش لە کاتێکدایە ئێران هەوڵدەدات سەرچاوەی بەردەوامی دارایی بۆ چالاکییە سەربازییەکانی لە ناوچەکەدا دەستەبەر بکات.

پاڵاوگەی حومس کە لە ساڵی 1959 وەک یەکەم پاڵاوگەی نەوت لە سووریا دامەزراوە، توانای دابینکردنی 5.7 ملیۆن تۆنی ساڵانەی هەیە، لەگەڵ رێژەی تێکەڵکردنی نێوان جۆرەکانی نەوتی خاوی سوک و قورس.