پارێزگاری نەینەوا: داوا دەکەین هەموو دەنگدەران بەشداری لە پرۆسەی دەنگدان بکەن

K24 – هەولێر

پارێزگاری نەینەوا رایگەیاند، رێژەیەکی بەرچاوی خەڵک بەشدارییان لە پرۆسەی دەنگدانی گشتی کردووە، داواش لە دەنگدەران دەکات هەموویان بەشداری پرۆسەکە بکەن، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا.

عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە بۆ کۆمسیۆن و هێزە ئەمنییەکان، زیاتر لە حەوت هەزار بنکەی دەنگدان لە شاری مووسڵ هەن، پلانی تەواومان داڕشتووە هەڵبژاردن بەشێوەیەکی ئەرێنی لە سنووری پارێزگای نەینەوا بەڕێوە بچێت".

گوتیشی: "داوا لە هەموو دەنگدەران دەکەین، بەشداری لە پرۆسەی دەنگدان بکەن، بۆ ئەوەی ئەنجومەنێک لە پارێزگاکە هەڵبژێرن کە بتوانێت وەڵامی داواکارییەکانی خەڵکی مووسڵ بداتەوە و خزمەتیان بکات".

پارێزگاری نەینەوا راشیگەیاند: "خۆشبەختانە خەڵکی سنووری پارێزگای نەینەوا بە رێژەیەکی باش بەشدارییان لە پرۆسەی دەنگدان کردووە، هیوادارین لە چەند کاتژمێری داهاتوو رێژەکە زیاتر بێت، بۆ ئەوەی خەڵک بەشداربێت لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا".

کاتژمێر 7:00ـی بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 18/12/2023، پڕۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکرد، کە زیاتر لە 15 ملیۆن کەس لە هەڵبژاردنی گشتی مافی دەنگدانیان هەیە.