جێگری پارێزگاری نەینەوا: ناهێڵین بەهیچ شێوەیەک ئاستەنگ بۆ هاووڵاتیان دروست بکرێت

K24 - هەولێر

جێگری پارێزگاری نەینەوا رایگەیاند، داوا لە هاووڵاتیان دەکەم ئەمڕۆ بە گڕوتینەوە بەرەو سندوقی دەنگدان بچن، دەشڵێت: ناهێڵین بەهیچ شێوەیەک ئاستەنگ بۆ هیچ هاووڵاتیەکی پارێزگای نەینەوا دروست بکرێت.

سیروان رۆژبەیانی، جێگری پارێزگاری نەینەوا بەکوردستان24ـی راگەیاند، داوا لە هاووڵاتیان دەکەم ئەمڕۆ بە گڕوتینەوە بەرەو سندوقی دەنگدان بچن و دەنگ بەوکەسانە بدەن کە نوێنەرایەتی راستەقینەی هەموو پێکهاتەکانی نەینەوا دەکەن، بۆیە ئەمڕۆ رۆژی هاووڵایتیانە، دەبێت دەنگ بەوکەسە بدەن کە خزمەتی نەینەوا و هەموو پێکهاتەکان بکات.

گوتیشی: سەبارەت بەو رێگرییەی لە بازگەی شەهید سەبان کراوە، پەیوەندیمان بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان و پۆلیس کردووە خۆشم دەرۆم سەردانی ئەو شوێنە دەکەم، ناهێڵین بەهیچ شێوەیەک ئاستەنگ بۆ هیچ هاووڵاتیەکی پارێزگای نەینەوا دروست بکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو ئێستا پرۆسەکە بەباشی بەڕێوەئەچێت و خەڵک لە هەموو پێکهاتەکان بەرەو سندوقەکانی دەنگدان دەچن.

سەر لە بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 18-12-2023، هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 15 پارێزگای عێراق، ناوچە کوردستانییەکان و هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و، تا کاتژمێر 06:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەوام دەبێت. هەڵبژاردنەکە بۆ جاری یەکەمە لە دوای ساڵی 2005 لە پارێزگای کەرکووک دەکرێت.

پارێزگای نەینەوا:

ژمارەی ناوەندی دەنگدانی گشتی: 792 ناوەند

ژمارەی وێستگەکانی دەنگدانی گشتی: سێ هەزار و 993 وێستگە

ژمارەی دەنگدەری گشتی: یەک ملیۆن و 695 هەزار و 566 دەنگدەر

ژمارەی کاندیدی پیاو: 468 کاندید

ژمارەی کاندیدی ئافرەت: 157 کاندید