شاخەوان عەبدوڵڵا: خەڵکی کەرکووک دەتوانن بە دەنگەکانیان دۆخی شارەکە بگۆڕن

kurdistan24.net

K24 – هەولێر

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بەشداری کەرکووکییەکان لە پرۆسەی دەنگدان گرنگە و خەڵکی کەرکووک دەتوانن بە دەنگەکانیان دۆخی شارەکە بگۆڕن.

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە کەرکووک، گوتی: "زۆر گرنگە ئەمڕۆ خەڵکی کەرکووک بێنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و بە دەنگەکانیان ناسنامەی شارەکە بپارێزن، ئەمڕۆ دەنگەکانی ئەوان هیچ کەمتر نییە لەو گولـلانەی رووبەڕووی داعش دەمان تەقاند، زۆر گرنگە هەموومان بەشداری بکەین".

گوتیشی: "رەنگە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق یەک کورسی جیاوازییەکی زۆر نەبێت، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا کاریگەری زۆرە و رەنگە هاوکێشەکە بگۆڕێ".

شاخەوان عەبدوڵڵا، راشیگەیاند: "لە رابردوودا خەڵکی کەرکووک کێشەی زۆریان هەبووە، کاتی ئەوەیە خەڵکی شارەکە ئەو دۆخە سەپێنراوەی شارەکە بە دەنگەکانیان بیگۆڕن".

راشیگەیاند: "هێشتا کات زۆر ماوە هاووڵاتییانی کەرکووک لە هەر شار و شارۆچکەیەک بن دەتوان بێن دەنگ بدەن، پێویستە هەموو ئەو گلەییانەی هەمانە ئەمڕۆ بەلاوەی بنێینین، دەنگدانی ئەمڕۆ زۆر گرنگە".

سەبارەت بە کێشەی ئامێرەکانی دەنگدان، شاخەوان عەبدوڵڵا، گوتی: "دڵنیایی دراوە ئەوەی لە هەلبژاردنی تایبەت روویدا دووبارە نەبێتەوە، کۆمسیۆن بە نووسراوی فەرمی ئەوەی بۆی ناردوین کە ئەو کۆمپانیایەی ئامێرەکانی دروستکردووە، کێشەکە چارەسەر کردووە، ئێمەش بە نووسراوی فەرمی کۆمسیۆنمان خستووەتە ژێر بەرپرسیاریەت بۆ ئەوەی هەڵەکانی پشیتر دووبارە نەبنەوە".

جەختیکردەوە: "دەنگی خەڵکی کەرکووک دەتوانێت دۆخی شارەکە بگۆڕێت، ئومێد دەکەین پارێزگارێکی خەمخۆری شارەکە دابنرێت کە بە یەک چاو سەیری هەمووان بکات و ئەو ناعەدالەتییەی کە لە رابردوو هەبووە نەیهڵێت".

ئەوەشی خستەڕوو: "ئەگەر کورد توانی نیوەی دەنگەکانی ئەنجومەن مسۆگەر بکات، ئەوکات دەتوانن لەنێوان خۆیان کوردێکی دڵسۆز و پاک بۆ پارێزگار کاندید بکەن".