کەرکووک دەنگیدا .. کورد سەرەڕای رێگرییەکان کوردستانییەتی شارەکەی دووپاتکردەوە

دەنگدەرێک لە کەرکووک - وێنە: کوردستان24
دەنگدەرێک لە کەرکووک - وێنە: کوردستان24

K24 – هەولێر:

دوای 18 ساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک بەڕێوەچوو، سەرەڕای رێگرییەکان و بوونی کێشە لە ئامێرەکانی دەنگدان و نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری هەزاران دەنگدەر، کوردانی کەرکووک کوردستانییەتی شارەکەیان دووپاتکردەوە.

کاتژمێر 7:00ـی بەیانی رۆژی دووشەممە (18ـی کانوونی یەکەمی 2023) بنکەکانی دەنگدان لە بە رووی دەنگدەران کرایەوە و هاووڵاتییانی کەرکووک بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکەیان بەشدارییان لە پرۆسەی دەنگدان کرد.

دیمەنەکانی کەرکووک لە شاشە و سۆشیال میدیای کوردستان24 بۆ هەموو کوردستانییان و جیهان گواسترایەوە، کە کوردانی دانیشتووی ئەو شارە و ئەوانەشی دانیشتووی ناوچەکانی هەرێمی کوردستانن و روویان لەو شارە دەکرد، وەک کەرنەڤاڵێکی نیشتمانی بوو، بۆ دەنگدان بە ئامانجی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک و گەڕانەوەی ئیدارەی شارەکە بۆ کورد.

بەشێکی زۆر لە هاووڵاتییان بە جلوبەرگی کوردی و ئاڵای کوردستانەوە روویان لە بنکەکانی دەنگدان کرد، بەتەمەنەکان لە گەنجەکان بە جۆشوخرۆشتر بوون بۆ دەنگدان، ئەوان باسیان لە ئازار و نەهامەتییەکانی رابردوو دەکرد، هانی گەنجانیان دەدا بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان، بیرەوەی ئازارەکانی ژێردەستەیی وایکردبوو، هەمووان بە هەست و سۆزێکی کوردانەوە دەنگ بۆ کورد بدەن و ئەوەی دوای پرۆسەی ئازادی عێراق بەدەستهاتبوو بەڵام لە رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر لەدەستدرا، لەم هەڵبژاردنە بەدەستبێتەوە.

دەنگدەرێکی بە تەمەن وەک یەکەم دەنگدەر لە بنکەیەکی کەرکووک دەنگیدا و هەر زوو لە کوردستان24ـەوە پەیامی بۆ هەموو کوردە کەرکووکییەکان نارد بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە، "ئەم هەڵبژاردنە هی کوردە و هی حزبەکان نییە، وەرن دەنگ بدەن". ئافرەتێکیش لە بنکەیەکی دەنگدان لە چاوەڕوانی دەنگدان لەژێر دیواری وێستگەیەکی دەنگدان دانیشتبوو بۆ نەورەس عەبدوڵڵا، پەیامنێری کوردستان24 قسەی کرد و بە دەنگی بەرزەوە هاواری کرد، "کورد دەیباتەوە و بژی کورد بژی کورد".

ئەمڕۆی کەرکووک لە جەژن دەچوو، شەوی پێشتر دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 11:00ـی کوردستان24 گوتی قەرەباڵەغییەکی زۆر لە سەرتاشخانەکان هەیە تا درەنگانی شەو گەنجان خۆیان ئامادە دەکەن بۆ هەڵبژاردن، ئەمڕۆش منداڵ و کچ و کوڕان بە دڵخۆشییەوە روویان لە بنکەکانی دەنگدان کرد.

لە مزگەوتەکان تەکبیرە دەخوێندرا بۆ هاندانی هاووڵاتییان دەنگ بدەن، دەنگی تەکبیرە لە بڵندگۆی مزگەوتەکانەوە بە ئاسمانی کەرکووکەوە وەک جەژن دەچووە گوێی هەموو ئەوەی لە شارەکەدا بوو، لەپێش بەشێک لە بنکەکانی دەنگدانیش، دەهۆڵ و زووڕنا و شایی و هەڵپەڕکێ، وێنەی شادی کەرکووکییەکانی وەک رۆژانی ریفراندۆم و کەرنەڤاڵەکانی بەدیهێنانی خەونی سەربەخۆیی دەردەکەوت.

پەرۆشی کەرکووکییەکان و نیگەرانی بێبەشبوون لە دەنگدان بەشێکی دیکەی دیمەنەکانی ئەمڕۆی کەرکووک بوو، بەشێک لەو هاووڵاتییانەی بەتەمەن بوون و بەهۆی نەخۆشی و هیلاکی ژیانیانەوە، ئامێرەکانی دەنگدان پەنجەمۆرەکانیانی نەدەخوێندەوە، بەشێکی دیکەش باسیان لەوەکرد، ئەوان چەندین کاتژمێرە وەستاون تا دەنگ بدەن بەڵام کێشە لە ئامێرەکانە چونکە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو لە هەمان بنکە و بە هەمان کارتی دەنگدان بەشداری دەنگدانیان کردووە.

دوای 18 ساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا لە کەرکووک بەڕێوەچوو، کە لە دوای هەڵبژاردنەکانی 2005 و رووداوەکانی 16ـی ئۆکتبەرەوە، بووە یەکەم هەڵبژاردنی ناوخۆیی لە شارەکە. هەرچەندە هەوڵ بۆ دواخستنی دەدرا بەڵام رۆژی سێشەممە (12ـی کانوونی یەکەمی 2023) دادگای باڵای فیدراڵی ئەو دوو سکاڵایەی رەتکردەوە کە داوایان کردبوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دوابخرێت.

هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە سەرپەرشتی کرا، بۆ ئەم مەبەستەش لە پارێزگای کەرکووک، 11 هەزار و 56 فەرمانبەر سەرپەرشتی پرۆسەی دەنگدانیان کرد لە 344 بنکەی دەنگدان کە لە دوو هەزار و 33 وێستگەی دەنگدان پێکهاتووە، بەشێوەیەک؛ بۆ دەنگدانی گشتی 318 بنکەی دەنگدان و هەزار و  898 وێستگەی دەنگدان ئامادەکرا. بۆ دەنگدانی تایبەتیش 26 بنکەی دەنگدان و 135 وێستگەی دەنگدان پرۆسەکەیان تێدا بەڕێوەچوو.

هاوکات لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە چەند لیستێکی جیاواز بەشدارییان کرد، پارتی دیموکراتی کوردستان بە ناو و لۆگۆی خۆی بە لیستی ژمارە 197 بەشداری کردووە و 30 کاندیدی هەبوو، هەروەها یەکێتی لەگەڵ حزبی شیوعی کوردستان هاوپەیمانیەتی " کەرکووک هێز و ئیراده‌مانه‌"ـی پێکهێنا و ژمارەکەی 142ـە و لیستەکەیان لە 30 کاندیدی هەردوو حزبەکە پێکهاتووە. هەروەها یەکگرتوو و کۆمەڵ لە پارێزگای کەرکووک بە هاوپەیمانییەتی "مەشخەڵی کەرکووک" بە ژمارە 163 بەشدارییان کرد و چوار کاندیدیان هەبوو. حزبی سۆشیال دیموکراتی کوردستان بە ژمارە 202 و نەوەی نوێش بە ژمارە 167، بەجیا بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکە کرد.

ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەگوێرەی یاسای نوێی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە 15 کورسی گشتی و یەک کورسی کۆتای کریستیانەکان پێکهاتووە و کورد لە کەرکووک چاوی لەوەیە زیاتر لە نیوەی کورسییەکان بەدەستبهێنێت بۆ ئەوەی بتوانێت پارێزگارێک بۆ شارەکە هەڵبژێرێت.

دەسەڵاتی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بریتییە لە هەڵبژاردنی پارێزگار و جێگرەکانی و بەرپرسانی ئیداری، هاوکات دەسەڵاتی لادان و لێپرسینەوەشی لە کارەکانیان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا، چاودێریکردن و پەسەندکردنی پلانی پرۆژەکان لەسەر ئاستی پارێزگاکان بەشێکی دیکەیە لە ئەرک و دەسەڵاتی ئەنجوومەنی پارێزگاکان.

سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی 2005ـدا، لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان لە کەرکووک بە لیستی برایەتی كەركووك، بەشدارییان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کرد و 26 کورسی لە کۆی 41 کورسی ئەنجوومەنەکە بەدەستهێنا وەک لیستی یەکەم لە کەرکووک.