هۆگر چەتۆ: زیاتر لە 700 پێشێلکاری لەلایەن چاودێرەکانمانەوە تۆمارکراوە
K24 – هەولێر:
سهرۆكی تۆڕی شهمس بۆ چاودێریكردنی ههڵبژاردنهكان لەبارەی بەڕێوەچوونی دەنگدانی گشتی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئاماژەی بە دووبارەبوونەوەی کێشە تەکنیکییەکانی دەنگدانی تایبەت کرد بە هەمان شێوەی لە دەنگدانی گشتی و رایگەیاند زیاتر لە 700 پێشێلکاری جۆراوجۆر لەلایەن چاودێرەکانیانەوە تۆمارکراوە.
رۆژی دووشەممە (18ـی کانوونی یەکەمی 2023) هۆگر چەتۆ، سهرۆكی تۆڕی شهمس بۆ چاودێریكردنی ههڵبژاردنهكان رایگەیاند، بەشێک لەو کێشە تەکنیکییانەی لە ئامێرەکانی دەنگدان و نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری دەنگدەران هەبوو، لە زۆترین بنکەکانی دەنگدانی هەموو پارێزگاکان تۆمارکراوە.
لەبارەی پێشێلکارییەکانەوە، هۆگر چەتۆ باسی لەوەکرد، هەرچەندە لە رووی ئەمنییەوە پێشلکارییەکی ئەوتو نەبوو بەڵام تێبیشیان هەبوو لەسەر هەندێک هەڵسوکەوتی هێزە ئەمنییەکان کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی خۆیان لێپرسینەوەیان لە بریکاری لایەنە سیاسییەکان و چاودێرانی رێکخراوەکان دەکرد، کە ئەمە لە دەسەڵاتی کۆمیسیۆنە.
هاوکات باسی لەوەشکرد، زیاتر لە 700 پێشێلکاری جۆراوجۆر لەلایەن چاودێرانی رێکخراوەکانیانەوە تۆمارکراوە و جەختی لەوەشکردەوە، حاڵەتی فرۆشتنی کارتی دەنگدان و بانگەشەی هەڵبژاردن لەکاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان و پارە بەخشینەوە بۆ دروستکردنی کاریگەری لەسەر دەنگدەران هەبووە و چەندین کەسیش بەو هۆیەوە دەستگیرکراون.
لەبارەی دۆخی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، هۆگر چەتۆ ئاماژەی بە ململانێی لایەنەکان کرد کە بەشێک لە لایەنگرانی سەدرییەکان ئەمڕۆ بەناو گەڕەکەکاندا بانگەشەیان بۆ بایکۆتکردنی دەنگدان دەکرد و هەندێک حاڵەتی رووبەڕووبوونەوەش هەبوو کە کاریگەری لەسەر رێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران هەبووە.
هۆگر چەتۆ روونیکردەوە، کە رێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران لە کەرکووک بەرزترین رێژەی تۆمارکردووە لەسەر ئاستی هەموو پارێزگاکان کە هەڵبژاردنی تێدا بەڕێوەچوو، جەختیشی کردەوە، وەک رێکخراوەکان لەگەڵ کۆمیسیۆن بەردەوام دەبن لە هەماهەنگیکردن و چاودێریکردنی پرۆسەکانی جیاکردنەوە و هەژمارکردنی دەنگەکان و گواستنەوەی راپۆرتی دەنگدان لە وێستگەکانەوە بۆ بنکەی سەرەکی.
هاوکات باسی لەوەشکرد، وەک تۆڕی شهمس بۆ چاودێریكردنی ههڵبژاردنهكان سبەی سێشەممە راپۆرتی گشتی خۆیان لەبارەی پێشلکارییەکان و کەموکوڕی و لایەنە باشەکانی پرۆسەکە دەخەنەڕوو.