ئوردن هێرشێکی ئاسمانی بەدرێژایی سنوورەکانی سووریا ئەنجامدا

K24 - هەولێر

ئوردن هێرشێکی ئاسمانی بەدرێژایی سنوورەکانی سووریا ئەنجامدا، دژ بە حەشارگەی قاچاخچییەکانی ماددە هۆشبەر.

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، شەو رابردوو، ئوردن هێرشێکی ئاسمانی بەدرێژایی سنوورەکانی سووریا ئەنجامدا، دژ بە حەشارگەی قاچاخچییەکانی ماددە هۆشبەر، کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن.

ئاشکراشیکرد، لە سێشەممەی رابردووەوە تا دوێنێ شەو، سنووری ئوردن و سووریا گۆڕەپانی رووبەڕووبوونەوەی گەرمی سەربازی بوو، کە قاچاخچییەکان لە هەوڵی بردنی ماددەی هۆشبەر و چەک بۆ ئوردن بوون، لە ئەنجامدا بووە هۆی کوژرانی سەربازێکی ئوردنی و برینداربوونی چەند سەربازێکی دیکە، لەگەڵ مردن و برینداربوونی ژمارەیەک قاچاخچی.

روانگەی سووری راشیگەیاند، لە دوایین رووبەڕووبوونەوەدا، سوپای ئوردن هەوڵی بڕێکی زۆر لە ماددە هۆشبەرەکان و چەک و مووشەکی پووچەڵکردەوە و گرووپە قاچاخچییەکانی بۆ ناو سووریا دەرکرد.

ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەی دزەکردنی قاچاخ بۆ ناو ئوردن روو لە زیادبوون کردبوو.

ئا: لاڤین عومەر