وادەی دادگایی کردنی کوڕەکەی جۆ بایدن دیاری کرا

هانتەر بایدن
هانتەر بایدن

K24 - هەولێر

بەڵگەنامە دادوەرییەکان دەریانخستووە کە هانتەر بایدن کوڕی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا لە 11ـی یەنایەری داهاتوودا لەسەر دۆسییەی خۆدزینەوە لە باج لە دادگای لۆس ئەنجلۆس ئامادە دەبێت و دادگایی دەکرێت.

هانتەر بایدن 9 تۆمەتی تاوانکاری رووبەروو دەکرێتەوە، کە پەیوەندییان بە خۆدزینەوە لە باج هەیە، ئەمەش لەسەر ئەو داهاتانەیە کە لە پڕۆژە بازرگانییەکانی دەرەوەی وڵات بەدەستی هێناوە.

بەگوێرەی ماڵپەڕی دادگا، هانتەر لە رۆژی 11ـی یەنایەری 2024، کاتژمێر 1ـی دوای نیوەڕۆ بە کاتی ئەمەریکا، لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە ئەلکا ساگار ئامادە دەبێت.

لێکۆڵەری تایبەت دەیڤید وایس کە لەلایەن وەزارەتی دادی ئەمەریکاوە دەستنیشانکرابوو، لە 8ـی کانوونی یەکەمدا، هانتەر بایدنی تۆمەتبار کرد، بەوەی لە ماوەی نێوان ساڵانی 2016 و 2019، نزیکەی یەک ملیۆن و 400 هەزار دۆلاری بە باجی فیدراڵی نەداوە.

بەگوێرەی هەواڵی میدیا ئەمەریکییەکان، کوڕەکەی جۆ بایدن ئەگەر تاوانەکەی بەسەردا ساغ بێتەوە، سزای 17 ساڵ زیندانی بەسەردا دەسەپێندرێت.