نەسرەت سۆفی: دانیشتووانی ناوچە کوردستانییەکان لە هەڵبژاردن ئەرکی نیشتمانی خۆیان بەجێگەیاند

kurdistan24.net

K24 – هەولێر

سەرۆکی پەیمانگای کوردستان بۆ پرسە سیاسییەکان رایگەیاند: لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، دانیشتووانی ناوچە کوردستانییەکان ئەرکی نیشتمانی خۆیان بەجێگەیاند، دەبێ لەمەودوا لایەنە سیاسییەکانیش هەموو ئەرکی خۆیان بەرامبەر بە خەڵکی ئەو ناوچانە جێبەجێ بکەن.

نەسرەت سۆفی، سەرۆکی پەیمانگای کوردستان بۆ پرسە سیاسییەکان لەبارەی رێژەی بەشداری لە پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردن بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ی گوت: "دەنگدەرانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە پرۆسەی دەنگدان بە روحیەتێکی کوردانە چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان ئەوەی لە توانایاندا بوو کردیان، ئەرکی سەرشانی خۆیان بەجێگەیاند، لەمەودوا دەبێ لایەنە سیاسییەکان بەتایبەتی پارتی و یەکێتی پاداشتی دڵسۆزی ئەو خەڵکە بدەنەوە، چونکە ئەوان بە دەنگەکانیان جارێکی دیکە کوردستانیبوونی ئەو ناوچانەیان سەلماند بەتایبەتی کەرکووک".

ئاماژەی بەوەشکرد: "رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردن لە سنووری کەرکووک و نەینەوا بەراورد بە پارێزگاکانی دیکەی عێراق زیاتر بوو، هەروەها دیمەنی گەرم و گوڕی و کوردستانیانەی خەڵک لە کەرکووک جێگەی دڵخۆشی و ئومێد بوو".

نەسرەت سۆفی، ئاماژەی بەوەشدا: "پێویستە لە قۆناغی داهاتوودا ئیدارەیەکی باش بۆ کەرکووک دروستبکرێت، بۆ ئەوەی کۆتایی بە دەسەڵاتی پارێزگاری سەپێنراو و شوێنەواری داگیرکاری بهێنرێت، ئومێد دەکەین لە ئایندەیەکی نزیکدا پارێزگارێکی کورد لە کەرکووک دەستبەکاربێت و پاداشتی خەڵکی شارەکە بدەنەوە".

راشیگەیاند: "گرنگ ئەوەیە لە کەرکووک و نەینەوا کورد سەرکەوت، بەتایبەتی خەڵکی کەرکووک سەلماندیان کە کەرکووک هەمیشە شارێکی کوردستانییە".

سەرۆکی پەیمانگای کوردستان بۆ پرسە سیاسییەکان، ئەوەشی خستەڕوو: "لە رووە سیاسییەکەیەوە کەرکووک گرنگی خۆی هەیە، هەموو وڵاتانی ناوچەکە و زلهێزەکان چاویان لەسەرە، دەنگەکانی لایەنە سیاسییەکان لە هەڵبژاردنی ئەمجارە ریفراندۆمێکە بۆ ئەوەی رێژەی کورد لەو پارێزگایە دیاریبکرێت، بەتایبەتی بۆ بابەتی ماددەی 140، ئەگەر لە رابردوودا داگیرکرابێت و هەرچی کرابێت دژی کورد لەو شارە، بەڵام رێژەی دەنگی کورد لەو شارە کوردستانیبوونی کەرکووک دەسەلمێنێت، ئەو ناوچەیە کوردستانە و پێویستی بە هیچ درووشمێک نییە".

باسی لەوەشکرد: "دەنگی کورد لە سنووری نەینەوا و شنگال و مەخموور و هەموو ناوچە کوردستانییەکان زۆرینەیە، کە چەند ساڵێکە بەهۆی دروستکردنی دۆخێکی سیاسیی و جێبەجێ نەکردنی دەستوور ئەو ناوچانە داگیرکراون، حکومەتی عێراق نەک هەر دەستووری و یاسای بۆ ناوچەکانی کوردستان جێبەجێ نەکردووە، بەڵکو بودجە و مووچەی خەڵکی کوردستانیان بڕیوە، بەشداری خەڵکی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان لە هەڵبژاردن وەڵامدانەوەیەک بوو بۆ ئەو زوڵم و داگیرکارییە".

سەبارەت بە کێشەی تەنکیکی لە ئامێرەکانی دەنگدان، نەسرەت سۆفی دەڵێت: "هەرچەندە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان رایگەیاندووە، کە کێشەکە تەکنیکی بووە، بەڵام گومانیش هەیە پیلان بووبێت، چەنکە لە دەنگدانی تایبەت ئەو کێشەیە هەبوو، بەڵێنیاندا لە هەڵبژاردنی گشتی ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت، بەڵام کاتێک زانرا رێژەی بەشداری لە ناوچە کوردستانییەکان بەرزە جارێکی دیکە ئەو کێشەیە دروستبووەوە".

دەشڵێت: "ئەگەر دوای هەڵبژارد عەسکەرتاریەت لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان بەردەوام بێت واتە رژێمی عێراق رژێمێکی دیکتاتۆرییە، ئومێد دەکەین ئەوە نەبێت".

دەربارەی ئەرکی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان دوای هەڵبژاردن، سەرۆکی پەیمانگای کوردستان بۆ پرسە سیاسییەکان، گوتی: "ئەرکی لایەنە سیاسییەکان بەتایبەتی پارتی و یەکێتی قورس دەبێت، پارتی کە لە سنووری نەینەوان زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و یەکێتیش لە سنووری کەرکووک، هاووڵاتییانی ئەو سنوورانە ئەرکی نیشتمانی خۆیان بە جێگەیاندووە و تۆپەکەیان رادەستی هەردوو هێزی سەرەکی پارتی و یەکێتی کردووە، ئەوانیش لە هەموو رووێکەوە پێویستە خزمەتی ئەو خەڵکە بکەن".