عیرفان کەرکووکی: خەڵکی کەرکووک جارێکی دیکە سەلماندیان کەرکووک شارێکی کوردستانییە

kurdistan24.net

K24 – هەولێر

سەرۆکی پارتی گەلی تورکمان، رایگەیاند: سەرەڕای رێگری و کێشەی ئامێرەکانی دەنگدان، بەڵام خەڵکی کەرکووک بە دەنگەکانیان سەلماندیان جارێکی دیکە کەرکووک شارێکی کوردستانییە.

عیرفان کەرکووکی سەرۆکی پارتی گەلی تورکمان، لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، لەبارەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، گوتی: "بەداخەوە زۆر لە دەنگدەرانی ئێمە کە دەچوونە بنکەکانی دەنگدان لە کەرکووک پەنجەمۆریان نەدەخوێندرایەوە، ئەمە یەکێک بوو لە کێشە گەورەکانی پرۆسەی دەنگدان، نەتوانرا لەلایەن کۆمسیۆن چارەسەر بکرێت و بووە هۆی ئەوەی زۆر لە هاووڵاتییان نەیانتوانی دەنگ بدەن".

گوتیشی: "وەک لیستی 197 سەبارەت بەو کێشەیە سکاڵامان تۆمارکردووە، چونکە بەشێک لە هاووڵاتییان لە مافی دەنگدان بێبەشکران".

عیرفان کەرکووکی، ئاماژەی بەوەشدا: "سەرەڕای ئەو رێگریانەی کە لە کەرکووک هەبوون، کورد و تورکمان بەتایبەتی پارتی دیموکتراتی کوردستان و پارتی گەلی تورکمانی و هەموو لایەنەکانی دیکە، جارێکی دیکە سەلماندمان کە کەرکووک شارێکی کوردستانییە".

راشیگەیاند: "لەبەر ئەوەی لە ساڵی 2005ـەوە هەڵبژاردن لە کەرکووک نەکرابوو، هەروەها بەهۆی ئەو زوڵمەی کە لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە لە خەڵکی کەرکووک بەتایبەتی لە کورد و تورکمان کرا، هۆکاری سەرەکی بوو بۆ ئەوەی خەڵکی شارەکە بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان تا ئەو مافەی لێیان زەوتکراوە بۆیان بگەڕێتەوە، لە بەرنامەی لیست و هاوپەیمانی ئێمە لەگەڵ پارتی گەڕانەوەی کەرکووکە بۆ دۆخی ئاسایی و ئاشتی و پێکەوەژیان لە کەرکووک".