هێزەکانی پشتیوانی خێرا کۆنتڕۆڵکردنی شارێکی سوودانیان راگەیاند

K24 - هەولێر

هێزەکانی پشتیوانی خێرا، دوای چوار رۆژ لە شەڕوپێکدادان لەگەڵ سوپای سوودان، کۆنتڕۆڵکردنی شاری "وەد مەدەنی" لە ویلایەتی جەزیرە راگەیاند.

شایەتحاڵەکانی شارەکە رایانگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە، 19-12-2023، هێزەکانی پشتیوانی خێرا، هێزەکانیی خۆی لەشەقامەکانی "وەد مەدەنی" و دەروازەکانی هاتنە ژوورەوە و چوونە دەرەوە، بڵاوکردەوە.

هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گرتەی ڤیدیۆیی چەکدارەکانی خۆیی بڵاوکردەوە، لەوکاتەی لەبەردەم بارەگای فیرقەی یەکەمی سوپای سوودان وەستاون لەشاری وەد مەدەنی.

هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە بەیاننامەیەکدا لەسەر پلاتفۆرمی "ئێکس" گوتی: "هەرگیز نەیدەویست هێرش بکاتە سەر شاری "وەد مەدەنی" ئەگەر هەڕەشەکانی فەرماندەی سوپای سوودان، لیوا بورهان نەبووایە، کە هەڕەشەی کۆکردنەوەی 40 هەزار سەرباز و ئامادەکردنی فیرقەی یەکەم کرد، بۆ ئەوەی ببێتە ناوەندێک بۆ نەهێشتنی چەکدارانی هێزەکانی پشتیوانی خێرا.

 هێزەکانی پشتیوانی خێرا جەختیکردەوە، کاردەکات بۆ خەلکی شارەکە، بە کردنەوەی بازاڕ و دامەزراوە گشتییەکان و کارکردن لە نەخۆشخانەکان و بنکە تەندروستییەکان، هەروەها وێستگەکانی ئاو و کارەبا، داواشی لە پۆلیسی شارەکە کرد بگەڕێنەوە سەر ئەرکەکانیان.

ئەمە یەکەمجارە کە ململانێ سەربازییەکە روو لە یەکێک لەگەورەترین شارەکانی سوودان بکات. لە 15ـی نیسانەوە شەڕوپێکدادان لەنێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەری هەڵدا، بەگوێرەی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، تاوەکو ئێستا نزیکەی 12 هەزار کەس لە ئەنجامی ئەو شەڕەدا کوژراون و زیاتر لە 7 ملیۆن کەسیش ئاوارەی ناوخۆ و دەرەوە بوون.