كاوه‌ ئه‌حمه‌د چاودێری سیاسی: زیاتر له‌ 30 هه‌زار ده‌نگی كورد له‌ كه‌ركووك به‌ فیڕۆچووه‌

كاوه‌ ئه‌حمه‌د چاودێری سیاسی
كاوه‌ ئه‌حمه‌د چاودێری سیاسی

K24 - هەولێر:

له‌باره‌ی داهاتووی پارێزگای كه‌ركووك له‌ دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان، چاودێرێكی سیاسی رایگه‌یاند، په‌رته‌وازه‌یی نێو ماڵی حزبه‌ سیاسییه‌كان، هۆكارێكه‌ بۆ تووشبوون به‌ ئاڵنگاری زۆر. هاوكات گوتیشی: "زیاتر له‌ 30 هه‌زار ده‌نگی كورد له‌ كه‌ركووك له‌ چوارچێوه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان به‌ فیڕۆچووه‌".

له‌میانه‌ی به‌شدارییان له‌ به‌رنامه‌ی باسی رۆژی كوردستان24، كه‌ ژینۆ محه‌ممه‌د پێشكه‌شی ده‌كات، كاوه‌ ئه‌حمه‌د چاودێری سیاسی رایگه‌یاند، بۆ سه‌رخستنی پرۆسه‌ی دیموكراسی و به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان، كه‌ركووكییه‌كان سه‌لماندیان و كه‌ پابه‌ندی پرۆسه‌ی دیموكراسیین.

گوتیشی: "ئه‌وه‌ی گرنگه‌ له‌ ئێستادا گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ یه‌كتر قبوڵكردن و پێكه‌وه‌ژیان، كه‌ خودی كورد و حزبه‌ سیاسییه‌كان بیكه‌ن به‌ پێوه‌ری كاری داهاتوویان".

ئه‌و چاودێره‌ سیاسییه‌ ده‌شڵێت: "پێویسته‌ عیبره‌ت له‌و ده‌ره‌نجامه‌ وه‌ربگرین، كه‌ له‌ ئاستی خواست و ماندووبوون و تێكۆشانی ماوه‌ی رابردوودا نییه‌". گوتیشی: "پێموایه‌ ئه‌گه‌ر فێڵ له‌خۆمان نه‌كه‌ین، ده‌ره‌نجامه‌كان باش نیین".

روونیشیكرده‌وه‌، له‌ده‌ستدانی زیاتر له‌ 30 هه‌زار ده‌نگی كورد له‌ كه‌ركووك كاره‌ساته‌ و كورد له‌ نۆ كورسی بۆ حه‌وت كورسی داده‌به‌زێنێت، شانازیكردن به‌و ئه‌نجامانه‌ وه‌ك ده‌ستكه‌وتێكی حزبی، مه‌ترسیدارترین بابه‌ته‌، پێویسته‌ هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین، چونكه‌ كه‌ركووك له‌ حزب گه‌وره‌تره‌ و پرسێكی نه‌ته‌وه‌ییه‌".

هه‌روه‌ها گوتی: "پێویسته‌ ده‌ستبگرین به‌ پێكه‌وه‌ ژیان و یه‌كتر قبوڵكردن له‌ كه‌ركووك".

كاوه‌ ئه‌حمه‌د چاودێری سیاسی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، پشكی شێر به‌ر ئه‌وه‌ كه‌وت، كه‌ حزبه‌ سیاسییه‌كان له‌ كه‌ركووك به‌ لیستی جیا به‌شداری هه‌ڵبژاردنیان كرد، بۆیه‌ شه‌قامی كه‌ركووك له‌ ئێستادا له‌گه‌ڵ یه‌كگرتنی لایه‌نه‌كانه.

لە 15 پارێزگای عێراق بە کەرکووک و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانەوە، 16 ملیۆن کەس کارتی دەنگدانیان وەرگرتەوە و مافی دەنگدانیان هەبوو، بەڵام تەنها 6 ملیۆن کەس بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردنی کرد، لەگەڵ ئەوەی 23 ملیۆن کەس مافی دەنگدانی هەبوو، بەپێی راگەیاندنی کۆمیسیۆنیش، رێژەی بەشداری 41٪ بووە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کە رۆژی( 18-ی کانوونی یەکەمی 2023) لە سەرتاسەری عێراق( جگەلە هەرێمی کوردستان) بەرێوەچوو.

ئەمڕۆ سێشەممە ( 19-ی کانوونی یەکەمی 2023)، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق، ئەنجامی بەراییەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا بڵاوکردەوە. ‌