ترەمپ لە ویلایەتی کۆلۆرادۆ لە مافی خۆکاندید کردن بێبەش دەکرێت

دۆناڵد ترەمپ
دۆناڵد ترەمپ

K24 - واشنتن

دادگای باڵای فیدراڵی ویلایەتی کۆلۆرادۆ، بە تۆمەتی یاخیبوون و هەوڵدان بۆ هەڵگەڕاندنەوەی لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، بێبەش دەکات لەخۆکاندید کردن بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا و ناوەکەی لە لیستی کاندیدانی ویلایەتەکەی لادەبرێت.

رۆژی سێشەممە 19ی کانوونی یەکەمی 2023، لە کۆی حەوت دادوەری دادگای باڵای کۆلۆرادۆ، چوار دادوەر دەنگیان بەوەدا دۆناڵد ترەمپ مافی ئەوەی نییە لە ویلایەتەکە خۆی کاندید بکات بۆ سەرۆکی ئەمەریکا.

دادگای باڵای کۆلۆرادۆ پشتیان بە هەمواری 13ـەمینی دەستوور بەستووە، کە ئاماژەوە بەوە دەکات کەسێک هەوڵی یاخیبوون و ئاژاوە نانەوە بدات بە واتای ناپاکی بەرامبەر وڵات دێت، هەموارەکە مافی ئازادی رادەربڕینیش گەرەنتی دەکات، لەکاتێکدا دادگاکە پێی وایە دۆناڵد ترەمپ لە رووداوی 6ی کانوونی دووەمی ساڵی 2021 هەوڵی گۆڕینی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی داوە و هانی لایەنگرانی داوە هەڵبکوتنە سەر بینای کۆنگرێس لە واشنتن دی سی.

تشرینی دووەمی ئەمساڵ دادگای کۆلۆرادۆ، لە بڕیارێکدا رایگەیاند دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە پشێوییەکانی 6ی کانوونی دووەمی ساڵی 2021 تێوەگلاوە، بەڵام بەهۆی هەموواری 14ـەمینی دەستوور تایبەت بەو کەسانەی کە یاخی دەبن، نەتوانرا ترەمپ لە لیستی کاندیدانی سەرۆکایەتیی دەربهێنرێت. بڕیارەکەی 19/12/2023ی دادگای فیدڕاڵی کۆلۆرادۆ تاوەکو 4ی مانگی داهاتوو بە هەڵواسراوی دەمێنێتەوە تاوەکو هاووڵاتییانی ویلایەتەکە بڕیاری لەسەر دەدەن.

لە بەرامبەر بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی کۆلۆرادۆ، تیمی کەمپینی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند "بڕیارەکە نا دیموکراتانەیە و تانە لە بڕیارەکە دەدەن و لە دادگای باڵای فیدراڵی ئەمریکا داوا تۆماردەکەن".

دۆناڵد ترەمپ، یەکێکە لە کاندیدانی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا بۆ هەڵبژاردنی 2024 و بەپێی راپرسییەکان لەنێو کاندیدانی دیکەی کۆمارییەکان خاوەن زۆترین دەنگە، هاوکات بەشێک لە راپرسییەکان دەریدەخەن پێش جۆو بایدن، سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا و کاندیدی دیموکراتەکان کەوتووە.