نوێنەری ئەمەریکا له‌ UN: ئێران بە نیازە چەک لە رووسیا بکڕێت

جۆن کێلی، نوێنەری ئەمەریکا لە ئەنجوومەنی ئاسیش
جۆن کێلی، نوێنەری ئەمەریکا لە ئەنجوومەنی ئاسیش

K24 - هەولێر

نوێنەری ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، "ئێران بە نیازە چەک لە رووسیا بکڕێت". نوێنەری ئێرانیش ئەو لێدوانە رەتدەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، "ئەمەریکا و ئەوروپا دەیانەوێت جێگای تاوانبار و قوربانی بگۆڕنەوە".

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە جێبەجێکردنی بڕیارنامەی 2231ی تایبەت بە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک کۆبووەوە. پرسی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئێران جارێکی دیکە تەوەری کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش بوو.

جێگری سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا نیگەرانییە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەکیی ئێران و ناردنی درۆن و مووشەک بۆ ڕووسیا و یەمەن لوبنان و فەلەستینی خستە بەر باس و ئاماژەی بە نیگەرانییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانیش کرد.

رۆزماری دی کارلۆ، جێگری سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان گوتی، "ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا جەختی کردووەتەوە بەهۆی ئەو دۆخەی بۆ ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی ساز بووە، ئاژانس ناتوانێت لە بابەتی پاشەکەوتی یۆرانیۆمی ئێراندا ڕاستییەکان دەربخات؛ بەڵام بە گوێرەی خەمڵاندنەکانیان یۆرانیۆمی پاشەکەوت کراوی ئێران بیست ئەوەندەی بڕی ڕێگە پێدراوە".

جۆن کێلی، نوێنەری ئەمەریکا لە ئەنجوومەنی ئاسیش بە ئاماژەکردن بە پەیوەندییە سەربازییەکانی ئێران و ڕووسیا، ڕایگەیاند، "ئێران بە نیازە بە بڕی چەندین ملیار دۆلار چەک لە ڕووسیا بکڕێت".

کێلی ئاماژەی بەوە کرد، "بە گشتی ئێران بە شوێن کڕینی چەندین ملیار دۆلار چەک و کەرەسەی سەربازی لە ڕوسیایە بۆ ئەوەی هێزی سەربازیی خۆی زیاتر بکات و ئەمەش قابیلی قەبووڵکردنی نییە. پێویستە پێشێلکردنی بەردەوامی بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش، وڵامی پێویستیان پی بدرێتەوە".

لە بەرانبەردا نوێنەری ئێران هەموو بانگەشەکان لە دژی وڵاتەکەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، "ئەمەریکا و ئەوروپا دەیانەوێت جێگای تاوانبار و قوربانی بگۆڕنەوە".

ئەمیر سەعید ئیرەوانی، نوێنەری ئێران لە نەتەوەیەکگرتووەکان ئەوەی خستەڕوو: "نە ئەمەریکا و نە ئەوروپا نایانەوێت ئەرکەکانی خۆیان لە بڕیارنامەی 2231دا جێبەجێ بکەن. وەک ئەمڕۆش دەبینین هەوڵێکی نەزۆکیان هەیە بۆ گۆڕینی ڕاستییەکان و جێگۆرکێی نێوان تاوانبار و قوربانی. ئەوان بانگەشە و یارییەکی ناڕاست و تێکدەرانە دەکەن بۆ ئەوەی خۆیان هۆکاری سەرەکیی ئەو دۆخەی ئێستای ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی بدزنەوە. ئەو لایەنەی لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی دەرچوو ئەمەریکایە نەک ئێران".

لە کۆوبوونەوەکەدا نوێنەری ڕووسیاش پێشێلکردنی بڕیارنامەکە لەلایەن ئەم وڵاتەوە بەهۆی کڕین و فرۆشتنی چەک و تەقەمەنی بە ئێرانی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، ماوەی قەدەغە بوونی ئالوگۆڕی چەک لەگەڵ ئێران بەسەرچووە.