لە دێرەلووک گولـلە تۆپێک بەر ماڵێک کەوت

K24 - دهۆک

لە ناحیەی دێرەلووک لە سنووری قەزای ئامێدی گولـلە تۆپێک بەر ماڵێک کەوت.

پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە 20/12/2023، لە گوندی "گوهەرزێ"ی سەر بە ناحیەی دێرەلووک لە سنووری قەزای ئامێدی، گولـلە تۆپێک بەر ماڵێک کەوت و زیانی بە ماڵەکە و ئۆتۆمبێلی خاوەن ماڵەکە گەیاندووە.

راشیگەیاند، تائێستا پشتڕاست نەکراوەتەوە کە ئەو گولـلە تۆپە لە کوێوە ئاراستەی گوندەکە کراوە، بەڵام بەهۆی بوونی چەکدارانی پەکەکە لە سنوورەکە بەردەوام ئەو سنوورە لەلایەن سوپای تورکیاوە تۆپباران و بۆردومان دەکرێت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، تەنیا سێ مانگی رابردوودا زیاتر لە 10 جار گولـلە تۆپ لە ناو گوند و دەوروبەری گوندی گوهەرزێ کەوتوونەتە خوارەوە.

رێبەر سادق، بەڕێوەبەری ناحیەی دێرەلووک هەواڵەکەی بۆ کوردستان24 پشتڕاست کردەوە و رایگەیاند، بەهۆی تۆپبارانەکە ترس و دڵەراوکێ لەناو گوندنشینان دروستبووە.

بەهۆی بوونی چەکدارانی پەکەکە، لەم چەند ساڵەی دواییدا بەردەوام ناوچە سنوورییەکانی قەزای ئامێدی تۆپباران و بۆردومان دەکرێن، ئەمەش وایکردووە زۆربەی گوندەکانی ئەو سنوورە چۆڵ بکرێن.

مەحموود نهێلی، بەرپرسی راگەیاندنی ناحیەی دێرەلووک بە کوردستان24ی گوت: "بەهۆی شەڕی پەکەکە و تورکیا، لە کۆی 60 گوندی سنووری ناحیەی دێرەلووک تەنیا 15 گوند ئاوەدانن، ئەو گوندانەی کە ئاوەدانیش کراونەتەوە، خەڵک لە ترسی شەڕ و بۆردومان و تۆپباران ناتوانن بە ئازادانە بچنە ناو رەز و باخەکانیان".

.
.
.