پارتی ئیرادەی نیشتمانی تورکمان: پێشتر یەکێتی خۆی کورسی کۆتای بۆ تورکمانەکانی سلێمانی رەتکردووەتەوە

kurdistan24.net

K24 – هەولێر

پارتی ئیرادەی نیشتمانی تورکمان رایگەیاند: لەکاتی دیاریکردنی کورسی کۆتاکان لە هەرێمی کوردستان، یەکێتی نیشتمانی کوردستان خۆی رەتیکردووەتەوە، کە کورسی کۆتا بۆ تورکمانەکانی سلێمانی دیاری بکرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە 20/12/2023، ئەحمەد یەعقوب گوتەبێژی پارتی ئیرادەی نیشتمانی تورکمان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "پێویستە سیستەمێکی رێک و پێک بۆ کورسی کۆتای پێکهاتەکان دابنرێت، ئێمە دڵنیاین هیچ حزب و لایەنێک لەگەڵ نەمانی کورسی کۆتاکان یان دابەشکاری سیاسیی نین".

گوتیشی: "کاتێک لە ساڵی 2013 ئەوکات کە کورسی کۆتا دیاری دەکرا، نوێنەری لیستی تورکمان لەو هەولێر داوای کورسی کۆتای بۆ تورکمانەکانی سلێمانی کرد، ئەوکات پەرلەمانتارانی یەکێتی گوتیان: ئێمە کورسی کۆتامان بۆ تورکمانەکانی سلێمانی ناوێت، چونکە تەنیا چەند فەرمانبەرێکی تورکمان لە سلێمانی هەن، ئەوانەی هەن لە شارۆچکەی کفرین، بۆیە لەو سنوورە پێویستمان بە کورسی کۆتا نییە، ئێمە دڵنیایین یەکێتی ئەمڕۆش لەگەڵ دابەشکردنی کورسی کۆتای تورکمان نییە لەسەر پارێزگاکانی هەرێم، چونکە یەکێتی و لایەنەکانی دیکەش دەزانن تورکمان لە سلێمانی و دهۆک ژمارەیان وەک هەولێر نییە".

راشیگەیاند: "لە هیچ وڵاتێکی دیموکراسی و نیمچە دیموکراسیدا، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان بۆی نییە شێوازی هەڵبژاردن و دابەشکردنی کورسییەکان دیاری بکات، بەڵکو کۆمسیۆن تەنیا رێکخەر و ئەنجامدەری هەڵبژاردنە، ئەگەر ئەمە کاری کۆمسیۆن بێت، ئەی پەرلەمان و پەرلەمانتاران کاریان چییە؟ دەپرسین کۆمسیۆن یاسا دانەرە یان پەرلەمان؟، ئێمە پێمانوایە ئەو جۆرە دابەشکردنە بۆ نەهێشتنی کاریگەریی و نفوزی نەتەوەی تورکمانە لە هەرێمی کوردستاندا".

ئەمە لەکاتێکدایە دوو سکاڵا لە دژی کورسی کۆتاکان و شێوازی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان لە دادگای فیدراڵی تۆمارکراون.

سکاڵاکان لە دژی پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون کە تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی و فرە بازنەیی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان و، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکراون.

بەگوێرەى مادەى 36ـی یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، پێنج کورسیی کۆتا لە پەرلەمانى کوردستان بۆ کلدان، سریان و ئاشووری تەرخان دەکرێن، لەگەڵ یەک کورسی بۆ پێکهاتەى ئەرمەن، هەروەها پێنج کورسی بۆ تورکمانەکان.

ساڵی 1992 یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو. ساڵی 2004 یاسای هەڵبژاردن هەموارکرایەوە و ماددەی نۆیەمی یاساکە کە باسی لەوە دەکرد "هەرێمی کوردستان لە چەند ناوچەیەکی هەڵبژاردن پێکبێت" لابرا و هەرێمی کوردستان هەمووی کرایە یەک بازنەی هەڵبژاردن.