عێراق لەرووی ئامادەیی زیرەکی دەستکردی حکومەتەوە لە پلەکانی کۆتاییدایە

K24 - هەولێر

بەپێی داتاکانی ئۆکسفۆرد ئینسایتس، عێراق لە رووی ئامادەیی زیرەکی دەستکردی حکومەتەوە بۆ ساڵی 2023 لە پلەی کۆتایی وڵاتانی عەرەبیدا بووە.

بەپێی ریزبەندی جیهانی بۆ زیرەکی دەستکرد، زیاتر لە 100 پێوەر هەیە لە چوارچێوەی حەوت پێوەردا کە بریتین لە، ستراتیژی حکومەت، توێژینەوە و پەرەپێدان، لێهاتوویی و ژێرخانی، ژینگەی کارکردن و بازرگانی.

بەگوێرەی داتاکانی ئۆکسفۆرد ئینسایتس، ئیمارات لە ساڵی 2023 لە پێوەرەکانی ئامادەیی سیستەمی حکومەتەکەی بۆ زیرەکی دەستکرد لە پێشەنگی لیستی وڵاتانی عەرەبی دابووە، لە پلەی 18ـی جیهانیشدا هاتووە، هەروەها سعوودیە لە پلەی دووەمی وڵاتانی عەرەبی و 29ـی جیهانی بووە، قەتەریش پلەی سێیەمی بەدەستهێنا لە ریزبەندی وڵاتانی عەرەبیدا و لە پلەی 34ـی جیهانیشدایە.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە ریزبەندیەکەدا عومان پلەی چوارەمی وڵاتانی عەرەبی و 50ـی جیهانی بەدەستهێناوە، ئوردن لە پلەی پێنجەمی وڵاتانی عەرەبی و 55ی جیهان و هەروەها بەحرەین لە پلەی شەشەمی وڵاتانی عەرەبی، پاشان میسر لە پلەی حەوتەمی وڵاتانی عەرەبی و لەسەر ئاستی جیهان لە پلەی 62 دایەو هەروەها کوێت لە پلەی هەشتەمی وڵاتانی عەرەبی و پلەی 69ـی جیهان و لوبنان پلەی نۆیەمی وڵاتانی عەرەبی و پلەی 76ـی جیهانە.

 هەروەها تونس لە ریزبەندی 10ـی وڵاتانی عەرەبی و 81ـی جیهانیدا دێت، مەغریبیش لە پلەی 11هەمینی عەرەبی و 88هەمینی جیهانی دێت، جەزائیر لە ریزبەندی 12ـی وڵاتانی عەرەبی و 120هەمین لەسەر ئاستی جیهان.

عێراق دوایین ریزبەندی داگیرکردووە کە لە پلەی 13ـی وڵاتانی عەرەبی و 133ـی جیهانی دێت، پاشان فەڵەستین، پلەی 14ـی وڵاتانی عەرەبی و 134ـی جیهانی گرتووە، لەکاتێکدا جیبۆتی پلەی 15ـی وڵاتانی عەرەبی و 155 جیهانی بەدەستهێنا.