ئەمڕۆ دەنگی بەشێک لە سندووقەکان بە دەست هەژمار دەکرێنەوە

K24 – هەولێر

ئەمڕۆ لە هەر 18 پارێزگاکەی عێراق، دەست بە جیاکردنەوەی دەنگی دەنگدەرانی تایبەت دەکرێت، دەنگی دەنگدەران کە بە رێگەی ئەلیکترۆنی  ئەو سندووقانە نێردراونەتە  سەنتەری وردبینی پارێزگاکان و  بە دەست ھەژماردەکرێن، دواتر دەنگەکانیان دەنیێردرێن بۆ نووسیگەی نیشتمانی.

لە ھەولێر 35 سندووقی دەنگدانی تایبەت ھەن کە دەبێت بە دەست دەنگەکانیان جیابکرێنەوە، لایەنە سیاسیەکانیش چاویان لەسەر دەنگی تایبەتی نێو سندووقەكانە، بۆ ئەوەی گۆڕانکاری لە دەنگ و کورسییەکانیان رووبدات.

زەردەشت محەممەد، بەرپرسی ھۆبەی لۆجستی نووسینگەی ھەولێری  کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ی گوت: "ئەو دەنگانەی کە بە ئەلیکترۆنی نەگەیشتوونەتە بەغدا بە دەست هەژمار دەکرێنەوە، کە لە هەولێر دەنگی 35 وێسگەیە".

سندووقەکان بە رەنگی زەرد دەستنیشان کراون، ئەم رەنگە نابێـتە ھۆی رەتکردنەوەی دەنگەگان، لەبەر ئەوەی کێشەکە لە کۆمسیۆن بووە. دەنگەکان لە رێگەی کامێرای چاودێری و بە ئامادەبوونی میدیا و رێکخراوەکان و چاودێری لایەنە سیاسییەکان بەدەست دەژمێردرێنەوە، تا ئێستا %6ی دەنگەکان ماوە بە ئەنجامی بەرایی ئاشکرا بکرێن.

شیروان حەسەن، چاودێری پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "چاودێری سندووقی دەنگە تایبەتەکان دەکەین کە نەتوانراوە لەکاتی بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە بە ئەلیکترۆنی هەژمار بکرێن".

رۆژی شەممە (16ـی کانوونی یەکەمی 2023) دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، بە بەشداری هێزە چەکدارەکان و دەزگا ئەمنییەکان و ئاوارەکان بەڕێوەچوو کە ملیۆنێک و 50 هەزار و 653 کەس مافی دەنگدانیان هەبوو، دوو رۆژ دواتریش لە 18/12/2023 هەڵبژاردنی گشتی بەڕێوەچوو کە زیاتر لە 15 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەبوو.