ژووری بازرگانی و پیشەسازی: هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوومان ئەنجامدا

K24 - هەولێر

ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوومان لە هەر چوار پارێزگای هەرێمی کوردستان ئەنجامدا و ئەنجامەکانیش لەلایەن لیژنەی باڵای تانەدان پەسەندکران.

محەممەد شەهاب، سەرۆکی لیژنەی باڵای ئەنجومەنی وەزیران لە ژووری بازرگانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانی یەکیتی ژوورە بازرگانییەکانی راگەیاند و گوتی: پێش ماوەیەک هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوومان لە هەر چوار پارێزگای هەرێمی کوردستان ئەنجامدا.

گوتیشی، هەڵبژاردنەکە بەیەک رۆژ و بەیەک جۆر دەنگدان کرا، هەروەها لەیەک کاتژمێر دەستیپێکردوو لەیەک کاتژمێریش کۆتایی هات، کە دەستکەوتێکی گەورە بوو بۆ یەکێتی ژوورە بازرگانییەکان.

ئاماژەی بەوەشکرد، پاشان لیژنەی باڵای تانەدان بەپێی یاسا پێکهێنرا، دوای ئەوەی کەچەند تانەیەک هەبوو، لیژنەکە پێداچوونەوەی بەتانەکان کرد و وەڵامەکانیشیان دایەوە، دواتر ئەنجامەکان پەسەند کرا.

راشیگەیاند: ئێمە وەکو لیژنەی باڵا کە بەفەرمانی ئەنجومەنی وەزیران پێکهێنراوە و ئەرکی سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنەکە بووە، دوای راگەیاندنی ناوی دەرچووەکان و یەدەگەکان کۆبوونەوە لەگەڵ هەموو ژوورەکان دەکەین، کە لە رۆژی 3ـی کانوونی دووەمی 2024 یەکەم کۆبوونەوەمان دەبێت بۆ دروستکردنی ژووری بازرگانی هەڵەبجە، ئەمەش لەبەر گرنگی ئەوشارەیە، دوای کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی  لیژنەی باڵا، سەرۆکی ژوور و دوو جێگر لە نوینەرانیان بۆ یەکیتییەکە هەڵدەبژێرن.

شەهاب دەشڵێت: رۆژی 4ـی مانگیش کۆبوونەوەی سلێمانی ئەنجام دەدرێت، بەهەمان شێوە سەرۆک و دوو جێگر و نوینەرانی یەکێتییەکە هەڵدەبژێردرێن، کۆبوونەوەی ژووری بازرگانی دهۆکیش لە 7ـی مانگ ئەنجام دەدرێت سەرۆک و جێگرەکان هەڵدەبژێردرێن، هەروەها هەولێریش لە 8ـی مانگ کۆبوونەوەی ژووری بازرگانی ئەنجامدەدرێت و سەرۆک و دوو جێگر و نوێنەران بۆ یەکێتییەکە هەڵدەبژێردرێن

رۆژی پێنجشەممە، 30-11-2023، کاتژمێر 08:00ـی بەیانی، هەڵبژاردنی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە دەستیپێکرد و تاوەکو کاتژمێر 05:00ـی ئێوارە بەردەوام بوو.

لە هەڵبژاردنەکاندا 13 ئەندامی ئەنجوومەنی ژووری بازرگانی لە پارێزگای هەولێر، 13 لە سلێمانی، 11 لە دهۆک و نۆ ئەندامیش لە پارێزگای هەڵەبجە هەڵبژێردراون و بە ستافێکی نوێوە کارەکان دەکەن.

دوایین هەڵبژاردنی ژووری بازرگانی و پیشەسازییەکانی هەرێمی کوردستان لە 16-4-2006 کراوە، بڕیارە لە دوای هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەن، سەرۆک و دوو جێگر لە نێوان ئەندامانی ئەنجوومەن هەڵبژێردرێن.