جیاکردنەوەی دەستی دەنگەکانی 35 سندووقی دەنگدانی تایبەت لە هەولێر بەردەوامە

K24 - هەولێر

پڕۆسەی جیاکردنەوەی دەستی دەنگەکانی 35 سندووقی دەنگدانی تایبەت لە سنووری پارێزگای هەولێر بەردەوامە و تاوەکو ئێستا دەنگەکانی نۆ سندووق بە دەست جیاکراونەتەوە. 

سەر لە بەیانیی رۆژی  شەممە، 16-12-2023، هەڵبژاردنی تایبەت و رۆژی دووشەممەش، 18-12-2023، هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 15 پارێزگای عێراق، ناوچە کوردستانییەکان و هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و، تا کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە بەردەوام بوو.

بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21-12-2023، کاتژمێر 10:00، پڕۆسەی جیاکردنەوەی دەستیی دەنگەکانی زیاتر لە هەزار سندووقى دەنگدانى هەردوو هەڵبژاردنى تایبەت و گشتی ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە ناوەندى سەرەکیى کۆمیسیۆن لە پارێزگاکانی عێراق و، لەنێویشیاندا پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کە دەنگدانی تایبەت لێیان ئەنجامدرا، دەستیپێکرد.

هۆکاری ژماردنەوەی دەستی دەنگەکان ئەوەیە؛ پێشتر نەتوانراوە زانیاریى دەنگدان بە راپۆرتی ئەلیکترۆنی لەو سندووقانە دەربهێندرێت (رابکێشرێت) یان بۆ ناوەندى سەرەکیى کۆمیسیۆن لە بەغدا بگوازرێنەوە.

لە سنووری پارێزگای هەولێر 35 سندووقی دەنگدانی تایبەت کە ئاوارەکانی دانیشتووی کەمپەکان و هێزە ئەمنییەکان بەشدارییان تێدا کرد، لەکارکەوتبوون و نەتوانرا زانیاریى دەنگدان بە راپۆرتی ئەلیکترۆنی لەو سندووقانە دەربهێندرێت؛ بۆیە بەیانیی ئەمڕۆ جیاکردنەوەی دەستیی دەنگەکانی ئەو سندووقانە دەستیپێکرد.

هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24، کە لە ناوەندیی سەرەکی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە هەولێر ئامادەیی پڕۆسەی جیاکردنەوەی دەستیی دەنگەکانە، گوتی، "کارمەندانی کۆمیسیۆن سەرقاڵی جیاکردنەوەی دەستی دەنگەکانی 35 سندووقەکەن و، تاوەکو ئێستا دەنگی چوار سندووق بە دەست جیاکراونەتەوە".

سایب هەرەنی، کە بە نوێنەرایەتیی پارتی چاودێریی پڕۆسەی جیاکردنەوەی دەستیی دەنگەکان لەو ناوەندەی کۆمیسیۆن دەکات، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ئەمڕۆ پڕۆسەی جیاکردنەوەی دەستی دەنگەکانی 35 سندووقی دەنگدانی تایبەت کە کێشەی تەکنیکییان هەبوو و 15 هەزار و 750 دەنگیان تێدایە، دەستیپێکردووە".

رۆژی سێشه‌ممه‌، 19-12-2023، كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ئه‌نجامی به‌رایی پڕۆسه‌ی هەردوو هه‌ڵبژاردنی تایبەت و گشتیی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی راگەیاند. به‌پێی ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كان لیستی 197ـی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا زیاتر له‌ 127 هه‌زار ده‌نگی به‌ده‌ستهێناوه‌.

نوێنەرەکەی پارتی پێیوایە، "ئەنجامی دەنگدانی سنووری پارێزگای نەینەوا دوای جیاکردنەوەی دەستیی دەنگە تایبەتەکان دەگۆڕدرێت، چونکە دڵنیایین زۆرینەی دەنگەکانی نێو ئەم سندووقانە دەنگی ئێمەن". گوتیشی، "پێشبینی دەکەم دوو کورسی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا زیاد بکەین".  

بە گوتەی سایب هەرەنی، "پڕۆسەکە لەژێر چاودێرییەکی زۆرباش و بە ئامادەبوونی بریکارەکانی هەموو لایەنە سیاسییەکان و دەزگا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان ئەوانەی چاودێریی هەڵبژاردن دەکەن، بەڕێوەدەچێت".

وەکو ئەوەی هەرەنی ئاماژەی پێ دا، "دوای ئەوەی جیاکردنەوەی دەستیی دەنگەکانی نێو هەر سندووقێک تەواو دەبێت،  ژمارەی دەنگەکانی نێو سندووقەکە (شەریتی دەنگەکان) بە دیوارە هەڵدەواسرێن بۆ ئەوەی نوێنەرانی حزبە سیاسییەکان بیبینن".

 

 

رێژەی بەشداریی دەنگدەران لە هەردوو هەڵبژاردنی گشتی و تایبەت لە پارێزگاکانی عێراق:

- کەرکووک: 66%

- سەڵاحەددین: 59%

- ئەنبار: 57%

- نەینەوا: 53%

- موسەننا: 45%

- دیالا: 43%

- بەسرە: 43%

- کەربەلا: 40%

- بابل: 40%

- قادسییە: 38%

- واست: 37%

- نەجەف: 32%

- زیقار: 31%

- میسان: 29%

- بەغدا / کەرخ: 32%

- بەغدا / رەسافە: 21%

تەنها هەڵبژاردنی تایبەتی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە شارەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا کە رۆژی شەممە، 16-12-2023 بەڕێوەچوو. لەنێو کەمپی ئاوارەکانی دانیشتووی هەرێمی کوردستان دەیان بنکەی دەنگدان بەرووی دەنگدەراندا کرابوونەوە بۆ ئەوەی بتوانن بەشداریی هەڵبژاردنەکە بکەن و دەنگ بدەن.

بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، رێژەی بەشداریی دەنگدەرانی تایبەت لە هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە بووە:

- سلێمانی (هەڵبژاردنی تایبەت): 89%

- هەولێر (هەڵبژاردنی تایبەت): 81%

- دهۆک (هەڵبژاردنی تایبەت): 67%

لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، رایگەیاند، لە میانی هەردوو هەڵبژاردنی تایبەت و گشتیدا "زیاتر لە 300 کەس دەسگیرکراون و رادەستی یاسا کراون کە هەوڵیان دەدا یاساکانی کۆمسیۆن پێشێل بکەن، یاخود کڕین و فرۆشتن بە کارتەکانی دەنگدانەوە بکەن، هێزە ئەمنییەکان پێکەوە بەیەک چاو سەیری هەموو لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکان دەکەن، توانیومان سەدا 70 بۆ 80ـی فلاش میمۆری چاودێری سندووقەکان، بەرێگای وشکانی و فڕۆکە بگوازینەوە بۆ نووسینگەی سەرەکی کۆمسیۆن لە بەغدا".