جومانە غەلای: دوو هەزار وێستگە دەنگەکانیان بەدەست دەژمێردرێنەوە

جومانە غەلای
جومانە غەلای

K24 - هەولێر

گوتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان دەستیکردووە بەژماردنی دەنگەکانی دوو هەزار وێستگە بەدەست.

جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمڕۆ کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان دەستیکردووە بە ژماردنی دەنگەکانی دوو هەزار وێستگە لەسەرانسەری عێراق، گوتیشی: ئێستا زیاتر لە 500 وێستگە، سندووقەکانییان لە بەغدان لە هەردوو بەری رەسافە و کەرخ وردبینیان بۆ دەکرێت.

غەلای ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو پرۆسەیە پێویستی بەکاتە، دوو تا سێ رۆژی دیکە کاتی پێویستە، بۆیە بەگوێرەی پارێزگاکان دەنگەکان دەژمێردرێن، هەروەها لە ئێستادا هیچ کێشەیەک نییە و دوای ژماردنی دەنگەکانیش ئەنجامەکان رادەگەیێنین.

بەگوتەی گوتەبێژی کۆمسیۆن، تاوەکو ئێستا ئەو دەنگانەی ژماردراون و جیاکراونەتەوە هەمان ئەنجامی ئەلیکترۆنین، بەڵام بۆ دڵنیا بوونەوە ئەو دەنگانە بەدەست دەژمێردرێنەوە، دوای تەواو بوونی پڕۆسەکەش ئەنجومەنی کۆمسیاران ئەنجامی کۆتایی رادەگەیێنن.

راشیگەیاند، دوای کۆتایی هاتنی ئەنجامی تانەکان، ئینجا ئەنجامی هەڵبژاردنەکان رادەگەیێندرێت، چونکە لەسەرانسەری عێراق زیاتر لە 300 سکاڵا هەیە، کە سکاڵاکان جۆراوجۆرن، هەندێکیان لەسەر چاودێرانە و هەندێکیشیان لەسەر ئەنجومەنی کۆمسیاران هەندێکیشیان لەسەر چۆنیەتی بەرێوەچوونە.

رۆژی (16 و 18ـی کانوونی یەکەمی 2023) پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتی لە پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەچوو، کە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، زیاتر لە 16 ملیۆن كه‌س لە هەردوو دەنگدانی گشتی و تایبەت مافی ده‌نگدانیان هەبوو، لەم هەڵبژاردنەدا، 70 پارت و هاوپەیمانی سیاسیی کێبڕکێ لەسەر 275 کورسیان لەو 15 پارێزگایە کرد، کە نزیکەی شەش هەزار کاندید لەسەر لیستەکان و بەشێوەی سەربەخۆ لە کێبڕکێ دابوون.

هەروەها دوای 18 ساڵ، ئەمە یەکەمجارە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا لە کەرکووک بەڕێوەبچێت، کە لە دوای هەڵبژاردنەکانی 2005 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا لەو شارە بەڕێوەنەچووە.