سوپای ئیسرائیل:  لە ماوەی 24  کاتژمێردا هێرشمان کردۆتە سەر 230 ئامانجی حەماس

سوپای ئیسرائیل
سوپای ئیسرائیل

K24 – هەولێر :

گوتەبێژی سوپای ئیسرائیلی رایگەیاند: لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا، سوپاکەیان هێرشی  کردۆتە سەر 230 ئامانجی بزووتنەوەی حەماس.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ( 21-ی کانوونی یەکەمی 2023)، دانیال هاگاری  گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا، سوپای ئیسرائیل هێرشی کردۆتە سەر 230 ئامانجی بزووتنەوەی حەماس.

هاگاری دەڵێ: دەیان فڕۆکەی جەنگیی بەشداریان لەو ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەدا کردیە کە باڵەخانەیەک و بنکەیەکی ئاراستەکردنی مووشەکی لە خان یونس کردە ئامانج.

بەپێی قسەی گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، باڵەخانەکە چەکدارانی بزووتەنەوەی حەماسی تێدا بووە، بنکەی ئاراستەکردنی مووشەکەکەش ئامادەکرابوو بۆ ئەوەی لەوێوە هێرشی پێ بکەنە سەر ئیسرائیل.

هاگاری ئاماژە بەوە دەکات، سوپای ئیسرائیل لە ئۆپەراسیۆنێکی وشکانیدا، دەستی بەسەر بڕێکی زۆر لە چەک و تەقەمەنیدا گرتووە لە کەرتی غەززە و باشووریدا.

رادیۆی فەڵەستین ئاشکرای کرد، 55 فەڵەستینی لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا بە  هێرشەکانی فڕۆکە جەنگیەکانی ئیسرائیل لە خان یونس  کوژران و مالەکانیان بە ئامانج گیرا، دەشڵێ: لە بەلەمە سەربازییەکانی ئیسرائیلیەوە لە کەناری رەفەح و خان یونس، تۆپبارانێکی سەختی شارەکە کرا.

سوپای ئیسرائیلی ئەمڕۆ رایگەیاند: سێ لە سەربازەکانی لە شەڕی باکووری کەرتی غەززە گیانیان لەدەستدایە، لە تیلیگرامیش بڵاوی کردۆتەوە، پێنچ لە سەربازەکانی لە باکووری کەرتی غەززە  بەسەختی بریداربوون.

رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 200 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش برینداربوون، هاوکات زیاتر لە 240 ئیسرائیلی وەکو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران.

بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین، لە 7/10/2023ـەوە تائێستا نزیکەی 19 هەزار هاووڵاتی ئەو وڵاتە بەهۆی هێرش و بۆردوومانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە کوژراون.