پێشەوا هەورامانی: لە 2023 لەگەڵ بەغدا رێککەوتنی باشمان هەبوو بەڵام پابەندی باشیان نەبوو

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند هەرێم هەموو داواکارییەکانی حکومەتی فیدراڵی جێبەجێکردووە کەچی ستەم لە فەرمانبەرانی هەرێم کراوە.

رۆژی پێنجشەممە (21ـی کانوونی یەکەمی 2023) پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کوردستان24 رایگەیاند، لە ساڵی 2023 وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان رێککەوتنی باشمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی هەبوو بەڵام ئەوان پابەندی باشیان نەبوو، سەرەڕای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە.

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی ئاماژەی بەوەشکرد، لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە حکومەتی هەرێم چاوەڕێی پابەندی تەواو لە حکومەتی فیدراڵی دەکات و کات کوشتن چیتر کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر ناکات.

هاوکات پێشەوا هەورامانی جەختی کردەوە، دەبێت مووچە لە هەموو پرسەکانی دیکە جیابکرێتەوە و حکومەت و خەڵکی کوردستان دەستبەرداری مافەکانی خۆیان نابن و مافی خۆیانە سنوورێک بۆ ئارامی خۆیان دابنێن.