کارەبای نیشتمانی دەگەیەنرێتە ئەو 24 گوندەی گەرمیان کە تا ئێستا کارەبای نیشتمانیان نییە
K24 – هەولێر :
لە پرۆژەیەکدا، وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، کارەبای نیشتیمانی دەگەیەنێتە چەند گوندێکی گەرمیان کە تاوەکو ئێستا کارەبای نیشتیمانیان بۆ نەچووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ( 21-ی کانوونی یەکەمی 2023)، وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی کارەبا و بە سێ ملیار و 500 ملیۆن دینار، لە پرۆژەیەکدا کارەبای نیشتمانی دەگەیەنرێتە ئەو 24 گوندەی گەرمیان کە تا ئێستا کارەبای نیشتمانیان نییە.
بەپێی راگەیاندراوەکەی وەزارەتی کارەبا، پڕۆژەکە له گوندهكانی (ههواره قوڵه و پهلهوشك و سهركهلی عهزیز) له سنووری ناحیهی ڕزگاری دهستی پێكردووه.
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی کارەبا، بە جێبەجێکردنی پرۆژەکە (9) گوند له سنووری قهزای كهلار و (12) گوند له سنووری قهزای كفری و (3) گوند له سنووری قهزای خانهقین سوودمەند دەبن.