مۆنۆدرامای سەلمە  لە کەرکووک نمایش دەکرێت

مۆنۆدرامای سەلمە
مۆنۆدرامای سەلمە

K24 – هەولێر :

کارێکی هاوبەشی هونەری نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا لە چوارچێوەی مۆنۆدرامای( سەلمە) کۆ دەبێتەوە کە بڕیارە گروپی شانۆییی هەوار لە کەرکووک پێشکەشی بکات.

نەژاد نەجم دەرهێنەری مۆنۆدرامای ( سەلمە) بە کوردستان 24 ی ڕاگەیاند: مۆنۆدرامای ( سەلمە) کە بڕیارە رۆژی شەممە ( 23-ی کانوونی یەکەمی 2023) لە کەرکووک نمایش بکرێت، کارێکی هاوبەشی نێوان کوردستان و فەرەنسایە، دەشڵێ: ناوەڕۆکی مۆنۆدراماکە  باس لە کارەساتی هەڵەبجە و جینۆساید و کارەساتی ئەنفال و کۆچی بە کۆمەڵی کورد دەکات، ئاماژەی بەوشکرد، مۆنۆدراماکە بە هەردوو زمانی کوردی و ئینگلیزی کاری لەسەر دەکرێت.

دەرهێنەری مۆنۆدرامای( سەلمە) رایگەیاند: بڕیارە لە مۆنۆمێنتەکانی هەڵەبجە و گەرمیان و بارزان دەست بە نمایشەکانمان بکەین، دواتر بە زمانی ئینگلیزی لە وڵاتانی ئەوروپا و دادگای لاهای جارێکی دیکە نمایشی بکەینەوە، بۆ ئەوەی جیهان بە زوڵم و کارەساتە خوێناوییەکانی کورد ئاشنا بکەین.

مۆنۆدرامای (سەلمە) لە نووسینی دڵشاد مستەفا و سینۆگرافیا و دەرهێنانی نەژاد نەجمە، هەوار فارس و ئۆرێلی ئیمبێرتە، کە کچە ئەکتەرێکی فەرەنسیە و یەکەم کاری هونەرییە لە کەرکووک، وەک ئەکتەر بەشداری دەکەن.