رێکخراو و کۆمەڵەکانی تایبەت بە جینۆساید: پیاهەڵدان بە رژێمی لەناوچووی بەعس، هەڕەشەیە بۆ سەر پێکەوەژیان لە کەرکووک
K24 – هەولێر :
لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی دەنگدانی تایبەت و گشتیی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، چەند کەسێک لەبەردەم پارێزگای کەرکووک بە گوتنەوەی دروشم و پیاهەڵدان بۆ رژێمی رووخاوی بەعس، خۆشی سەرکەوتنی لیستەکانیان نیشاندا، ئەوەش نیگەرانیی کۆمەڵە و رێکخراوەکانی تایبەت بە جینۆسایدی لێکەوتەوە و بە بەیاننامەیەک ئەو هەڵوێستەیان بە هەڕەشە بۆ سەر ئاشتی و پێکەوەژیانی کەرکووک وەسفکرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ( 21-ی کانوونی یەکەمی 2023)، بیست رێکخراو و کۆمەڵەی تایبەت بە بواری جینۆساید لە کاردانەوەی هەڵوێستی چەند کەسێک کە لەبەردەم پارێزگای کەرکووک دروشمیان بە رژێمی پێشووی بەعس هەڵدا بوو لە خۆشی سەرکەوتنی لیستەکەیان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و دەڵێن: ئەوە پێشهاتێکی مەترسیدارە بۆ سەر برایەتیی و پێکەوەژیان لە کەرکووک.
وەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە، بەرزکردنەوەی وێنەی سەددام حوسێن و گوتنەوەی دروشم و پیاهەڵدان بەو رژێمەی کە دەستی بە خوێنی گەلانی عێراق سوور بووە، لەبەردەم پارێزگای کەرکووک، پێشهاتێکی مەترسیدارە چونکە بە یاسا، ستایشکردن و پیا گەڵدان بە حیزبی بەعس قەدەغەکراوە.
رێکخراو و کۆمەڵەکانی تایبەت بە جینۆساید لە بەیاننامەکەدا، گومانی خستۆتە سەر ئەو هەواڵانەی باس لە دەستگیرکردنی ئەو کەسانە دەکات کە دروشمەکانیان گوتوەتەوە، دەڵێن: هیچ لێدوان و راگەیاندراوێکی فەرمی دەزگا ئەمنییەکان لەو بارەوە بڵاو نەکراوەتەوە، دەشڵێن: ئە پرسە مەترسی ئەوەی لێدەکرێت دێزە و بە دەرخۆنە بکرێت، لەگەڵ ئەوەی هیچ لایەن و قەوارەیەکی سیاسی عەرەبیی شارەکە، ئیدانەی ئەو هەڵوێستەیان نەکردووە.
لە بەیاننامەکەدا، رێکخراو و کۆمەڵەکانی تایبەت بە جینۆساید، داوا لە لاینەگرانی لیست و قەوارە سیاسییەکانی پێکهاتەکان دەکەن، برایەتی و پێکەوە ژیان و دوور لە پیاهەڵدان بە تاوانباران، بکەنە بناغەی ئاهەنگێڕان و دەربڕینیی خۆشییەکانیان لەپێناو کەرکووک.
رۆژی ( 19-ی کانوونی یەکەمی 2023)، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەنجامی بەرایی دەنگدانی تایبەت و گشتیی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقی ( جگەلە هەرێمی کوردستان)، بڵاو کردەوە، چەند کەسێک بەبۆنەی سەرکەوتنی لیستەکەیان لەو هەڵبژاردنەدا، بە گوتنەوەی دروشم بۆ رژێمی رووخاوی بەعس و بەرزکردنەوەی وێنەی سەددام حوسێن لەبەردەم پارێزگای کەرکووک، خۆشی خۆیان دەربڕی.
هەندێک لە ئاژانس و سەرچاوەکانی هەواڵ بڵاویان کردەوە، دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق ئەو کەسانەی دەستگیر کردووە، بەڵام دامەزراوە ئەمنییەکان هیچ لێدوانێکی فەرمیان لەبارەی دەستگیرکردنی ئەو کەسانە بڵاونەکردەوە.