رۆمانۆوسكی: نیوه‌ی كاره‌بای عێراق به‌فیڕۆ ده‌چێت

ئه‌لینا رۆمانۆوسكی باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق
ئه‌لینا رۆمانۆوسكی باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق

K24 – هەولێر:

باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، نیوه‌ی كاره‌بای عێراق به‌فیڕۆ ده‌چێت.

ئه‌لینا رۆمانۆوسكی، باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق ئاشكرایكردووه‌، تۆڕی كاره‌با له‌ عێراق سه‌دا 40 بۆ 50ی وزه‌كه‌ی له‌ده‌ست ده‌دات پێش ئه‌وه‌ی بگاته‌ ماڵه‌كان.

رۆمانۆوسكی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، تۆڕی كاره‌با له‌ عێراق كۆنه‌ و رێژه‌یه‌كی زۆری به‌هۆی دزه‌كردنه‌وه‌ به‌فیڕۆ ده‌چێت.

ده‌شڵێت، ئەمه‌ریکا لەگەڵ کۆمپانیا و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە کاردەکات بۆ دابینکردنی تەکنەلۆژیای نوێ بۆ عێراق و دابینکردنی کارەبای زیاتر بەتایبەتی لە مانگە گەرمەکانی هاویندا.

رۆمانۆسكی ئه‌م قسانه‌ی له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئێكس (تویته‌ری پێشوو) بڵاوكردووه‌ته‌وه‌.

پێشتریش وه‌زیری كاره‌بای عێراق رایگه‌یاندبوو، بۆ چاككردنه‌وه‌ی تۆڕی كاره‌بای عێراق پاره‌یه‌كی زۆری پێویسته‌ كه‌ له‌ 30 ملیار دۆلار كه‌متر نه‌بێت.