لە کەرکووک 10 کەس بە تۆمەتی ئەندامێتی لە حزبی بەعس دادگایی کران

دادگا لە کەرکووک
دادگا لە کەرکووک

K24 – هەولێر:

دەزگای ئاسایشی نیشتمانی دادگاییکردن و سزادان بە پێنج ساڵ زیندانیکردن بۆ 10 کەس لە کەرکووک بە تۆمەتی ئەندامێتی لە حزبی بەعسی هەڵوەساوە راگەیاند.

رۆژی هەینی (22ـی کانوونی یەکەمی 2023) دزەگای ئاسایشی نیشتمانی دەستگیرکردنی یەکێک لەو کەسانەی راگەیاند کە لە چەند رۆژی رابردوو لە کەرکووک لە ئاهەنگێکدا لە نزیک باڵەخانەی نوێی پارێزگای کەرکووک ستایشی رژێمی پێشوویان دەکرد و وێنەی سەرۆکی لە سێدارەدراوی ئەو رژێمەیان بەرزکردبووە.

لە راگەیەندراوێکدا دەزگای ئاسایشی نیشتمانی ئاماژەی بەوەکردووە، دوای دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارە، دۆسیەکەی رەوانەی دادگا کراوە بۆ ئەوەی بە سزای یاسایی خۆیان بگەن، بەگوێرەی یاسای ژمارە (32)ـی ساڵی 2016ـی تایبەت بە قەدەغەکردنی حزبی بەعسی هەڵوەشاوە و دەستگیرکردنی ئەوانەی بانگەشەی بۆ رژێمی پێشوو دەکەن.

هەو لەو راگەیەندراوەدا، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی ئاشکرایکردووە، دادگای تاوانەکانی کەرکووک بڕیاری زیندانیکردنی بۆ ماوەی پێنج ساڵ بۆ 10 کەس دەرکردووە کە ئەندامی تۆڕێکی پەیوەندیدار بە حزبی بەعسی هەڵوەشاوە بوونە، دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوو لەلایەن تیمەکانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانییەوە دەستگیرکران بەهۆی ئەوەی بانگەشەیان بۆ ئەو حزبە دەکرد لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە لێکۆڵینەوەکاندا دانیان بە ئەندامێتی لە حزبی بەعسی هەڵوەشاوە داناوە.

دوای ئاشکراکردنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی عەرەبی رژانە سەر شەقامەکان بۆ ئاهەنگگێڕان و بەشێک لەو هاووڵاتییانە وێڕای بانگەشەکردن و بەرزکردنەوەی وێنەی سەرۆکی لە سێدارەدراوی رژێمی پێشوو، هاوکات هێرشیان کردە سەر گەنجێکی کورد و بە سەختی برینداریان کرد و زیانێکی زۆریان بە ئۆتۆمبێلەکەی گەیاند.

ئەم دوو رووداوەی کەرکووک دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناو بووە جێی ناڕەزایەتی کورد و لایەنە فەرمییەکان و دوای ئەوەش فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک و هێزە ئەمنییەکانی عێراق هاتنە سەرهێل بۆ دۆزینەوەی تۆمەتبارەکان و دەستگیرکردنیان بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ یەکێک لەو کەسانەی هێرشیان کردە سەر گەنجە کوردەکەی کەرکووک دەستگیرنەکراون لە کاتێکدا، وێنەیان بەشێوەیەکی روون لە پارچە ڤیدیۆی کاتی هێرشەکەدا دەرکەوتووە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە.