پۆلیسی راپەڕین: لە رووداوێکی تەقەکردن لە چوارقوڕنە دوو کەس کوژران

پۆلیسی راپەڕین - وێنە: ئەرشیف
پۆلیسی راپەڕین - وێنە: ئەرشیف

K24 – رانیە:

پۆلیسی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین رایگەیاند، لە ئەنجامی رووداوێکی تەقەکردن لە ناحیەی چوارقوڕنە بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە، دوو کەس کوژران.

رۆژی هەینی (22ـی کانوونی یەکەمی 2023) بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، "دوای ئەوەی هێزەکانمان لە بنکەی پۆلیسی بیتوێن لە ناحیەی چوارقوڕنە ئاگادارکرانەوە لە رووداوێکی تەقەکردن، دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە".

لە راگەیەندراوێکدا پۆلیسی راپەڕین ئاماژەی بەوەکردووە، لە رووداوەکەدا، کەسێک دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە و کەسێکی دیکەشی دوای ئەوەی بە برینداری گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.

لەبارەی هۆکاری رووداوەکەش، پۆلیسی راپەڕین ئاشکرای کردووەم تەقەکردنەکە لە ئەنجامی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بووە و بۆ زانینی هۆکاری راستەقینەی رووداوەکەش لێکۆڵینەوەکانیان بەردەوامن و ئاشکراشیکردووە، دوو کوژراوەکە هەر یەکەیان لە لایەنێکی رووداوەکەن.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکە، پۆلیسی راپەڕین روونیکردووەتەوە، دوای ئەنجامدانی پشکنینی توێکاری لە پزیشکی دادی رانییە بۆ تەرمەکان، رادەستی کەسوکاریان دەکرێنەوە.

ئەحمەد پیرۆت لە رووداوەکەی چوارقورنە کوژرا
ئەحمەد پیرۆت لە رووداوەکەی چوارقورنە کوژرا
وێنەی یەکێک لە کوژراوەکان بەناوی مستەفا حاجی برایم
وێنەی یەکێک لە کوژراوەکان بەناوی مستەفا حاجی برایم