فەرەنسا ... پیاوێک لەسەر خۆشەویستی ژنێک، کەسێک دەکوژێت و تەرمەکەشی دەسووتێنێت

ئیتیان مانتۆس، داواکاری گشتی لە شاری بێسانکۆن لە رۆژهەڵاتی فەرەنسا
ئیتیان مانتۆس، داواکاری گشتی لە شاری بێسانکۆن لە رۆژهەڵاتی فەرەنسا

K24 – هەولێر:

کوشتن و خۆشەویستی دەبێتە ناونیشانی چیرۆکێکی ترسناک لە فەرەنسا و ئاشکرابوونی بکوژ و هۆکاری ئەنجامدانی تاوانەکەشی دەنگدانەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە. لە گوندێکی فەرەنسا پیاوێک بەهۆی ئەوەی کەسێک هەمان ئەو ژنەی خۆشدەوێت کە ئەویش خۆشی دەوێت، دەیکوژێت و دواتریش تەرمەکەی دەسووتێنێت.

رۆژی هەینی (22ـی کانوونی یەکەمی 2023) ئیتیان مانتۆس، داواکاری گشتی لە شاری بێسانکۆن لە رۆژهەڵاتی فەرەنسا رایگەیاند، تەقەکەرەکە جووتیارێکە لە سەرەتای سییەکانی تەمەنیدایە و دانی بە ئەنجامدانی تاوانی کوشتنی کەسێک داناوە بەهۆی ئەوەی رکابەری بووە لە خۆشەویستی ژنێک.

لۆن بێرنێدی تەمەن 22 ساڵ قوربانییەکەیە و لە گوندی کویسیای ناوچەی ژورا دەژیا و مانگی رابردوو بێسەروشوێن بوو، لەو کاتەدا پۆلیسی فەرەنسا تۆمەتبارەکەیان وەک شایەتحاڵ بانگ کرد لەبارەی دیارنەمانی ئەو گەنجە، بەڵام دوای چاودێریکردنی بۆیان دەرکەوت بۆ کوشتویەتی.

داواکاری گشتی فەرەنسا ئاماژەی بەوەشکردووە، تۆمەتبارەکە 22 فیشەکی بە سەری گەنجەکەوە ناوە و دواتر لەنێو کێڵگەکەیدا تەرمەکەی شاردووەتەوە، دوای بانگکردنی لەلایەن پۆلیسەوە، ترساوە و چووە گۆڕەکەی بە شۆڤڵ هەڵداوەتەوە و لە کۆگایەکدا 10 لیتر بەنزینی پێداکردووە و دوای حەوت کاتژمێر خۆڵەمێشەکەی خستووەتە رووبارەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی داواکاری گشتی فەرەنسا، لە لێکۆڵینەوەکاندا، ئەو تۆمەتبارە ئاشکرای کردووە، بەهۆی ئەوەی ئەو گەنجە هەمان ئەو ژنەی خۆشویستووە کە ئەویش خۆشی دەوێت و زانیویەتی پێکەوە پەیوەندی سۆزدارییان هەبووە، بۆیە نەیتوانیوە بەرگەی ئەوە بگرێت و کوشتوویەتی.