شانۆگەرییەکی کوردی بەشداری فێستیڤاڵی شانۆی میتان لە رۆژئاوای کوردستان دەکات

K24 – هەولێر:

لە پێنجەمین فێستیڤاڵی شانۆی میتان لە رۆژئاوای کوردستان، (شانۆگەری ناڕەوا) لەلایەن رێکخەرانی فێستیڤاڵەکە بانگهێشت کراوە و بڕیارە لە مانگی کانوونی دووەم فێستیڤاڵەکە بەڕێوەبچێت.

شانۆگەری "ناڕەوا" لە نووسینی عەبدولکەریم وائلی و وەرگێڕانی مەریوان زەنگەنە و دەرهێنانی بەرهەم ئەحمەد و لە نواندنی نالی عەسکەرە.

بەرهەم ئەحمەد، دەرهێنەری ئەو شانۆگەرییە لە لێدوانێکیدا بە کوردستان 24ـی راگەیاند: شانۆگەری (ناڕەوا) باس لە دۆخی شانۆکارانی وڵاتەکەم دەکات کە بەچی قۆناغێکی ترسناک تێ دەپەڕێت، ئەو دۆخەش خودی شانۆکارە پەرەی پێ دەدات، تەنانەت شانۆکەیان لە شەڕە پشیلەی تابلۆیەکی نیگارکێشی تازە پێگەیشتوو دەچێت تەنانەت خۆشیان لێی تێناگەن.

دەرهێنەری شانۆگەرییەکە ئاماژەی بەوەشکرد: "گەشتی نمایشەکانی شانۆی ناڕەوا بەردەوامی هەیە، لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان بۆ شاری شەهبای عەفرینی داگیرکراو، بەوپەڕی شانازییەوە لە پێنجەمین فێستیڤاڵی شانۆی میتان لە رۆژئاوای کوردستان میوانین".