پارتی بۆ یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان: وەک هەمیشە پاڵپشتان دەبین

لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان
لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان

K24 - هەولێر

مەکتەبی سیاسی پارتی پاڵپشتی خۆی بۆ یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان دووپاتدەکاتەوە و دەڵێت، "ئومێدەوارین ڕاسپاردەکانی کۆنگرەکەتان هاندەری زیاتری یەکێتیی ئافرەتان بێت لە بەرگریکردن لە ماف و داوا ڕەواکانی ئافرەتانی کوردستان".

ئەمڕۆ شەممە، 23-12-2023، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی سەرکەوتنی نۆیەمین کۆنگرەی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان؛ پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەتییەکە کرد.

لە سەرەتای پەیامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتیدا هاتووە: "بەبۆنەی سەرکەوتنی نۆیەمین کۆنگرەی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان و بەدەستهێنانی متمانەی ئەندامانی کۆنگرە و هەڵبژاردنتان بە سکرتێر و ستافی مەکتەبی سکرتاریەتی ئەو ڕێکخراوە تێکۆشەرە؛ گەرمترین پیرۆزبایتان لێدەکەین و هیوای سەرکەوتنتان لە ئەرکی نوێدا بۆ دەخوازین."

مەکتەبی سیاسی پارتی، وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی پێ دراوە، ئومێدەوارە "پڕۆگرام، بڕیار و  ڕاسپاردەکانی کۆنگرەکەتان هاندەری زیاتری یەکێتیی ئافرەتان بێت لە بەرگریکردن لە ماف و داوا ڕەواکانی ئافرەتانی کوردستان و هێنانەدی خواست و ویستەکانیان، هەروەها پاراستنی بەها باڵاکان و برەودان بە هەستی نیشتیمان پەروەری و هۆشیاری نەتەوەیی و  پێگەیاندنی نەوەیەکی بەرپرس و دڵسۆز بۆ خاک و نەتەوە لە ئەرکە لە پێشینەکانتان بێت".

مەکتەبی سیاسیی پارتی "پاڵپشتی و پشتیوانی" خۆی بۆ ڕێکخراوەکە دووپاتدەکاتەوە و "ئومێد دەکەین نموونە و پێشەنگ بن لە خزمەتکردنی ئافرەتانی کوردستان".

بە چاودێری سەرۆک بارزانی و ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی، لە رۆژانی 21 و 22ـی کانوونی یەکەمی 2023، لەژێر درووشمی (هێز و توانای ئافرەت بناغەی پێشکەوتنی ئاشتی و ئابوورییە)، یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان نۆیەمین کۆنگرەی خۆی لە هەولێر ئەنجامدا.

کۆنگرە بە ئامادەبوونی 142 ئەندام بەڕێوەچوو کە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ و کۆنفرانسە ناوخۆییەکان متمانەی ئەندامێتی کۆنگرەیان بەدەستهێنابوو کە ماوەی دوو رۆژی خایەند.

لە رۆژی دووەمی کۆنگرە رەشنووسی پرۆگرام و پەیڕەوی ناوخۆ لە روانگە و ئامانج و میکانیزمی کار و پەیکەری رێکخراوەیی، دوای گفتوگۆی ئەندامانی کۆنگرە پەسەندکرا و دواتریش هەڵبژاردن بۆ ئەندامانی دەستەی نوێی مەکەتەبی سکرتاریەتی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان ئەنجامدرا.

لەسەر بنەمای بازنەی جوگرافی و مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە پارێزگاکان، پرۆسەی هەڵبژاردن بەڕێوەچوو کە حەوت کەس وەک ئەندامی سەرەکی و سێ کەسیش وەک ئەندامی یەدەگی مەکتەبی سکرتاریەت متمانەی ئەندامانی کۆنگرەیان بەدەستهێنا و لەنێو ئەو دەستەیەشدا، سکرتێری نوێی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان هەڵبژێردرا.