کارەبای راپەڕین: لە تاسڵوجە مەترسی بۆ تۆڕەکانی کارەبا دروستبووە

K24 - هەولێر

لێپرسراوی هۆبەی چاککردنەوەی کارەبای راپەڕین رایگەیاند: بەهۆی بارانبارینەوە بەشێک لە شاخی تاسڵوجە هەرەسی هێناوە و مەترسی بۆ تۆڕەکانی کارەبا دروستکردووە.

ئەمڕۆ شەممە23ـی کانوونی یەکەمی 2023، لە راگەیاندراوێکدا، هیوا هەیەر، لێپرسراوی هۆبەی چاککردنەوەی کارەبای راپەڕین، ئاماژەی بەوەداوە، بەهۆی بارانبارین بەشێک لە شاخی تاسڵوجە هەرەسی هێناوە و مەترسی بۆ تۆڕەکانی کارەبا دروستکردووە.

گوتیشی: "ئەو تۆڕانەی رێڕەوی فیدەری کارەبای 283ی نیشتمانیانی لەسەرە کە ژمارەیەکی زۆر هاوبەشی کارەبای هەیە و بەم هۆیەوە مەترسی بێ کارەبا بوونیان لەسەرە".

هیوا هەیەر، راشیگەیاند: "بە سەرپەرشتی راستەوخۆی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای رۆژئاوای سلێمانی، چەند تیمێک سەرقاڵی کارکردن بۆ راستکردنەوەی ئەو ستوونانەی کارەبا، کە زیانیان بەرکەوتووە و لە هەوڵدان بۆ نەهێشتنی مەترسیەکە".