پۆلیسی کەرکووک: تۆمەتباری سەرەکی لە رووداوی پەلاماردانی گەنجێکی کورد دەستگیرکرا

دەستگیرکردنی یەکێک لە پەلاماردەرانی گەنجەکەی کەرکووک
دەستگیرکردنی یەکێک لە پەلاماردەرانی گەنجەکەی کەرکووک

K24 – کەرکووک:

پۆلیسی کەرکووک دەستگیرکردنی تۆمەتباری سەرەکی لە رووداوی پەلاماردانی گەنجێکی کورد لە نزیک باڵەخانەی پارێزگای کەرکووک لە شەوی راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، راگەیاند.

رۆژی شەممە (23ـی کانوونی یەکەمی 2023) بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی کەرکووک لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دوای ئەوەی لە نزیک باڵەخانەی پارێزگای کەرکووک لەلایەن کۆمەڵێک کەسەوە پەلاماری هاووڵاتییەکی کەرکووک درا، لیژنەیەکی باڵا بۆ لێکۆڵینەوە لەو رووداوە پێکهات و دوای بەدواداچوونی ورد، تۆمەتباری سەرەکییان دەستگیرکرد.

پۆلیسی کەرکووک ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرجەم تۆمەتبارانی دیکەی ئەو رووداوە دەستنیشانکراون و گەڕان بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنیان بەردەوامە و جەختی لەوەشکردووەتەوە، رێگە بە هیچ کەسێک نادەن ببێتە هۆکاری هەڵگیرساندنی دووبەرەکی لە نێوان پێکهاتەکانی کەرکووک.

ئەمەش دوای ئەوە هات، ئێوارەی (18ـی کانوونی یەکەمی 2023) لە نزیک باڵەخانەی نوێی پارێزگای کەرکووک، دوای ئاشکرابوونی ئەنجامە بەراییەکان، ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی عەرەب ئاهەنگیان دەگێڕا و لەوکاتەشدا، گەنجێکی کورد کە جلوبەرگی کوردی پۆشیبوو بەوێدا تێدەپەڕێت، لەلایەن عەرەبەکانەوە پەلامار دەدرێت و برینداری دەکەن و زیانێکی زۆریش بە ئۆتۆمبێلەکەی دەگەیەنێت.

دوای رووداوەکەش، لە راگەیاندراوێکدا شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، بەدواداچونی بۆ ئەو گرتەڤیدیۆیە کردووە کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە و  تێیدا دەردەکەوێت، گەنجێکی کورد لەلایەن هەندێک گەنجی عەرەبەوە روبەڕووی دەستدرێژی و لێدان و سوکایەتیکردن دەبێتەوە بەهۆی پۆشینی جلوبەرگی کوردی.

شاخەوان عەبدوڵڵا راشیگەیاند، بەدواداچوونیان بۆ ئەو رووداوە کردووە و فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی کەرکووک بەڵێنیداوە پەلەبکات بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی بکەران بۆ ئەوەی بە سزای خۆیان بگەیەندرێن، داواشی لە لایەنە ئەمنییەکان کرد بە زووترین کات هێرشکەرەکان دەستگیر بکەن و راپێچی دادگایان بکەن بۆ پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و سەقامگیری لە کەرکووک.