هه‌ردوو سەرۆک ئەرکانی وه‌زاره‌تی پێشمەرگە و سوپای فەرەنسا هه‌ماهه‌نگییه‌ سه‌ربازییه‌كانی نێوانیان تاووتوێ ده‌كه‌ن

K24 – هەولێر:

له‌ هه‌ولێر هه‌ردوو سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای فەرەنسا هەماهەنگی و هاوکارییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و راوێژکارانی سوپای فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان تاووتوێ ده‌كه‌ن.

راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە ئه‌مڕۆ (شه‌ممه‌ 23ـی كانوونی یه‌كه‌می 2023) راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌، فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە دیوانی وەزارەتی پێشمه‌رگه‌، پێشوازی لە جەنەڕاڵ پیار شیل سەرۆکی ئەرکانی سوپای فەرەنسا و شاندێکی یاوەری کرد.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هه‌روه‌ها هاتووه‌: هەماهەنگی و هاوکارییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و راوێژکارانی سوپای فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان خرایە بەرباس، بە تایبەت کە یەکەیەکی تایبەتی هێزەکانی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان و عێراق دا ئامادەییان هەیە و کاری هاوبەش لە نێوان هەردوولا بەردەوامه‌.

سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە سوپاسی وڵاتی فەرەنسای کرد بۆ هاوکاری بەردەوامیان، بەتایبەت لەکاتی شەری دژی داعش و ناردنی چەک و پێداویستی سەربازی بۆ پێشمەرگە و هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە لە ڕوویی زانیاری هەواڵگرییەوە.

هاوکات سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە ڕۆڵی فەرەنسای لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و کارکردن بۆ سەقامگیرکردنی ناوچەکە بەرزنرخاند و داوایکرد وڵاتی فەرەنسا لە هەوڵەکانی بۆ هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە لە ڕوویی مەشق و ڕاهێنان و پڕۆسەی چاکسازی لە وەزارەت بەردەوام بێت.

له‌لایه‌ن خۆشییه‌وه‌ سەرۆکی ئەرکانی سوپای فەرەنسا، سوپاسی پێشوازی گەرمی بەرپرسانی باڵای وەزارەتی پێشمەرگەی کرد و ڕۆڵی پێشمەرگەشی لە شەری دژی داعش بەرزنرخاند و ئاماژەی بەوەشدا کە وڵاتەکەی لە پشتیوانیکردنی هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت.