پۆلیسی هەولێر کەسێک دەستگیردەکات کە خۆی بە شێخ ناساندووە و 26 دەفتەر دۆلاری لە ئافرەتێک وەرگرتووە

پۆلیسی هەولێر تۆمەتبارێک دەستگیردەکات
پۆلیسی هەولێر تۆمەتبارێک دەستگیردەکات

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر دەستگیرکردنی کەسێکی راگەیاند، کە خۆی کردووە بە شێخ و 26 دەفتەر دۆلاری لە ئافرەتێک وەرگرتووە.

لە بەدواداچوونێکی کوردستان24دا، کەسێکی بە رەگەز عەرەب لەلایەن پۆلیسی هەولێرەوە بە تۆمەتی فێڵکردن و بردنی پارەی هاووڵاتییان دەستگیرکراوە، ئەو کەسە خۆی کردووە بە شێخ و ئافرەتێک بە مەبەستی گەیشتن بە خۆشەویستەکەی بڕی زیاتر لە 26 دەفتەر دۆلاری پێداوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە بەگوێرەی رێنماییەکی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، ژمارە (1)ـی ساڵی 2023 کە لە ژمارە (313)ـی (14ـی کانوونی یەکەمی 2023)ـی رۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، دیارەدەی سحر و جادوو و ھاوشێوەکانی کە پێچەوانەی بنەما ئایینییەکانە، بەھەموو شێوەیەک قەدەغە دەکرێت.

لە رێنماییەکەدا هاتووە، بەکارهێنانی رێگاکانی فێلکردن و هەڵگرتنی نازناوی ساختە و نادروست وەک دەستەواژەی (شێخ، مەلا، قەشە، بانگخواز، پزیشکی ئایینی و هاوشێوەکانی) بە بەکارهێنانی پەرتووکە پیرۆزەکانی خودا بەمەبەستی بەدەستهێنانی پارە و سوودمەندبوون قەدەغەیە.

ئالان زەندی، چووەتە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر و بەدواداچوونی بۆ ئەو دۆسیەیە کردووە و رێکارەکانی پۆلیسی هەولێر بۆ ئاشکراکردن و دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە دەخاتەڕوو.