قایمقامیەتی قەزای مێرگەسۆر هۆشداری دەداتە هاووڵاتییان لە مەترسی دروستبوونی لافاو

K24 – هەولێر:

قایمقامیەتی قەزای مێرگەسۆر داوا لە هاووڵاتییانی دەڤەرەکەیان دەکات، لەکاتی بارانبارینی زۆر ئەو ماڵانەی لە نزیک شیو و کانیاوەکانن پێویستە ماڵەکانیان چۆڵ بکەن.

رۆژی شەممە (23ـی کانوونی یەکەمی 2023) قایمقامیەتی قەزای مێرگەسۆر لە راگەیەندراوێکدا داوا لە هاووڵاتییانی دەڤەرەکەیان دەكات ئەوانەی ماڵەكانیان لە نزیك شیو، كانیاو و جۆگەكانە، لەكاتی بارانبارینی زۆر و مەترسی لافاو، پێویستە ئاگادار بن و ماڵەکانیان چۆڵ بکەن.

هەروەها قایمقامیەتی قەزای مێرگەسۆر داوا لە هاووڵاتییانی ناوچەکە دەکات لە هەر حاڵەتێکی نەخوازراو بە زووترین کات بەڕێوەبەری ناحیەکانیان ئاگادار بکەنەوە، بۆ ئەوەی بە زووترین کات تیمەکان بگەنە جێگای مەبەست بۆ پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتییان.

ئەمەش لە کاتێکدایە، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماری رێژەی بارانبارینی ماوەی 12 کاتژمێری رابردووی رۆژی شەممە (23ـی کانوونی یەکەمی 2023)ـی بڵاوکردەوە کە زۆرترین رێژەی بارانبارین لە مێرگەسۆر بووە کە زیاترە لە 98 ملم.