بەهۆی وەرگەڕانی پاسێک 19 کەس گیانیان لەدەستدا

K24 - هەولێر

بەگوێرەی ماڵپەڕێکی حکومی نیکاراگوا، دوێنێ شەممە، پاسێک لەسەر پردێک لە شارۆچکەیەکی باکووری شاری ماناگوای پایتەخت وەرگەڕا و بەهۆیەوە 19 کەس گیانیان لەدەستدا کە لانیکەم 10 یان منداڵ بوونە.

ماڵپەڕەکە بە گێڕانەوەی لە بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند، ئەو 10 منداڵ و تازەپێگەیشتووانەی کە لە ووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە تەمەنیان لە نێوان 4 بۆ 16 ساڵی بووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، لە رووداوەکەدا نزیکەی 40 منداڵ برینداربوون.

"رۆزاریۆ موریلۆ"ـی هاوسەر و جێگری "دانیال ئۆرتێگا" سەرۆکی نیکاراگوا بە کەناڵی فەرمی "4"ی راگەیاندووە، پاسەکە نزیکەی 70 سەرنشینی هەڵگرتووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، رووداوەکە لە رانچۆ گراندە روویداوە کاتێک شۆفێرەکە لەکاتی بەزاندنی پردێکدا کۆنترۆڵی پاسەکەی لەدەستداوە، ئەمەش بووەتە هۆی وەرگەڕان و بەربەستی لاوەکی پردەکەشی تێپەڕاندووە.

ماڵپەڕەکە لە زاری بەرپرسانەوە بڵاویکردووەتەوە، پاسەکە بە خێرایی ڕۆیشتووە، پۆلیسیش شۆفێرەکەی دەستگیرکردووە لەکاتێکدا هەوڵیداوە لە شوێنی رووداوەکە هەڵبێت. موریلۆش ئاماژەی بەوەدا، کە تا ئێستا ناسنامەی نۆ لە قوربانییەکان دەستنیشانکراون.