شارەوانی بەحرکە: لە ساڵی2023 چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاریمان جێبەجێ کردووە

قیرتاوکردن
قیرتاوکردن

K24 – هەولێر

سەرۆکی شارەوانی بەحرکە رایگەیاند، لە ساڵی2023 چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاریمان جێبەجێ کردووە و بۆ ساڵی نوێ بەدواداچوونمان کردووە بۆ دانانی بیهارتۆن بۆ جووت سایدی سەرەکی بەحرکە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 24ـی کانوونی یەکەمی 2023، مەموند عەبدولوەهاب، سەرۆکی شارەوانی بەحرکە، بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەگەڵ ئەو توانا ماددییە سنوردارەی خۆماندا، بۆ ئەمساڵ هەوڵمانداوە ئەو پڕۆژانە بکەینە کاری لە پێشینەمان کە زۆرترین هاووڵاتیی لێی سودمەند دەبن، یەکێک لەوانە دروستکردنی شەقامێکی 60 مەترییە، بەدرێژایی نزیکەی پێنج کیلۆمەتر، هەروەها تەواو بوونی شەقامەکانی گەڕەکی کۆمەڵەی ژین و گەرەکی ئاشتی و چەند شەقامێکی 20 مەتری لە سنوری شارەوانی بەحرکە.

عەبدولوەهاب گوتیشی: "بۆ ساڵی نوێ بەدواداچوونمان کردووە بۆ دانانی بیهارتۆن (شتایگەری شۆستەکان) بۆ جووت سایدی سەرەکی بەحرکە کە دار و سەوزایی تێدا دەچێنرێت، هەروەها نەخۆشخانەیەک بۆ چاودێریکرنی نەخۆشانی شێرپەنجە و نەخۆشخانەیەکی دیکەی خێرخوازی فریاکەوتن لەسەر رووبەری  پێنج هەزار مەتر دوجا و دوو قوتابخانەش دروست دەکرێت ".

سەرۆکی شارەوانی ئەوەشی خستەڕوو، ناحیەی بەحرکە بە شێوەیەکی خێرا لە فراوانبووندایە، بۆیە ئامانجیان ئەوەیە لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانە خۆیان بگونجێنن، ئەوان لە رێگەی لیژنەیەکی نۆ کەسی تایبەت بە رێگریکردن لە زێدەڕۆیی بۆ ئەمساڵ رێگرییان لە 100 زێدەڕۆیی هاوڵاتییان گرتووە، دیارترینیان ئەو زەویانە بوون کە خاوەنەکانییان قەرەبوییان وەرگرتبوو، هاوکات کاری کشتوکاڵییان لەسەر دەکرد رادەستی شارەوانییان نەدەکردەوە.

عەبدولوەهاب ئاماژەی بەوەشکرد، هەر لە ساڵی 2023 نەخشەی زەوییەکانی پێشمەرگە هەموارکراوەتەوە و خراوەتە بواری تاپۆ کردنەوە، هاوکات بەشێک لە گەڕەکەکانی دیلان، راستی و ژینیش لە قۆناغی تاپۆکردندان.

ئیسماعیل کاملا، بەڕێوەبەری گشتی پڕۆژەکان لە شارەوانی بەحرکە بۆ کوردستان24 دەڵێت: "لە چوارچێوەی بەرنامەی نوێی کابینەی نۆیەمی حکـومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چاکسازی، ئەمساڵ مۆڵەتی رێپێدانی خانوو دراوە و ئەویش بە چەند قۆناغێک دەستی پێ کردووە، هەر لە چەسپاندنی سنوور تاوەکو فڕێدانی خۆڵ و خاشاکی دوای تەواوبوونی خانووەکە، بەپێی رێنماییەکان جێبەجێ دەکرێت، بە پێنچ قۆناغ پشکنین بۆ هەر خانووێک دەکرێت لە لایەن ئەندازیارانی بەشەوە، بەڵام  پێشتر بەو شێوەیە  خانووەکان دروست نە دەکران".

مەموند عەبدولوەهاب دەشڵێت: 200 زەوی سندوقی مامەڵەکانییان بۆ پارێزگای هەولێر بەرزکراوەتەوە، 50 مامەڵەیان رادەستی خاوەنەکانیان کراوە.

سەرۆکی شارەوانی راشیگەیاند، پلانی ساڵی داهاتوومان ئەوەیە کە ئاوەڕۆ لە گەڕەکەکانی کۆبانێ و کۆمەڵەی ژین و بەحرکەی نوێ، دروست بکەین، چونکە ئەو گەڕەکانە مەترسی دروستبوونی لافاویان لەسەرە .

لە چوارچێوەی پلانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە سنووری سەرۆكایەتی شارەوانی بەحرکە، چەندین پڕۆژەی جۆراوجۆری خزمەتگوزاریی جێ بەجێ کردووە، وەک پڕۆژەی رێکخستنەوەو قیرتاوکردن و کۆنکریت کردنی شەقامە ناوخۆیەکانی زۆربەی گەڕەکەکانی سنوری شارەوانی بەحرکە و دەیان کۆڵانی ناوخۆیی و دروستکردنی پڕۆژەی ئاوەڕۆی لولەیی و سندوقی و فراوانکردنی ئاوەڕۆکان، بۆ کەمکردنەوەی مەترسی کارەساتی سروشتی و رێگریکردن لە دروستبوونی لافاو دەستیان پێکردووە و بەشێکیان جێبەجێ کراون.

ئا: لاڤین عومەر