پڕۆژەیەكی نوێ بۆ زیادكردنی ئاوی ژێرزەوی جێبەجێ دەكرێت

K24 - هەولێر

بۆ زیادكردنی ئاوی ژێرزەوی و كەمكردنەوەی كاریگەرییەکانی وشكەساڵی، كابینەی نۆیەم چەندین بەنداو و پۆندی لە هەرێمی كوردستان دروستكردووە و پڕۆژەیەكی دیکەی پۆند بۆ زیادكردنی ئاوی ژێرزەوی جێبەجێ دەكات.

لەو چوارچێوەیەدا پڕۆژەی ژیاندنەوەی كانی لە ناوچەی سیساوە و شیناوە لە سنووری قەزاکانی شەقڵاوە و هەریر، سەرچاوەی كشتوكاڵی ناوچەكە بووە، جێبەجێ دەكرێت.

عەلی مەحموود، مامۆستای زانكۆ و شارەزای بوارەكە، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند:"پرۆژەمان ئەوەیە ئەم كانییە بژیەنینەوە، چونكە 13 مەتر ئاوەكەی دابەزیوە، بۆیە چەندین پۆندمان لە دەوروبەری دروستكردووە، تاكو ئاوەكە بەرەو خوارەوە داچۆڕێت و ئاوی ژێرزەوی لە ناوچەكەدا بەرز بێتەوە و سەرچاوەی كانی لە ناوچەكەدا بژیەتەوە."

ئەم پۆندانە جگە لە زیادكردنی ئاوی ژێرزەوی، سەرچاوەیەكی گرنگی بواری گەشتیاری و ژیاندنەوەی سرووشتی ناوچەكانن.

رێمان عەبدولمەجید، بەرپرسی بەشی راپەڕاندنی پڕۆژەكانی بەڕێوەبەرایەتیی سەرچاوەكانی ئاو، لە بارەی پڕۆژەكەوە گوتی: "پرۆژەی پاراوكردنی دەستكردی ئاوی ژێرزەوی، لە سێ قۆناغ پێكدێت، یەكەمیان لێدانی سێ بیری ئاو لەناو پۆندەكان، هەروەها لێدانی بیری چاودێری، لەگەڵ لێدانی دوو بیری پاراوكردن لە بەرزاییەكانی تارین. ئامانجیش ئەوەیە كە ئاستی ئاوی ژێرزەوی لە ناوچەكەدا بەرز بكەینەوە و كانییەكان بژیەنەوە."

تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 118 پۆند لەسەر رووبەری 479 هەزار و 364 دۆنم دروستکراون، کە توانای گلدانەوەى 22 ملیۆن و 613 هەزار و 215 مەتر سێجا ئاویان هەیە و تێچوونی دروستکردنیان گەیشتووەتە 28 ملیار و 788 ملیۆن و 376 هەزار و 278 دینار.