سێ دادوه‌رى دادگاى پێداچوونه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان سوێندی یاساییان خوارد

K24 - هەولێر

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سێ دادوه‌رى دادگاى پێداچوونه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان پاش ئەوەی فەرمانی هەرێمیان بۆ دەرچوو ده‌ستبه‌كار ده‌بن.

ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌، 24ـی کانوونی یەکەمی2023، لە راگەیەندراوێکدا سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سێ دادوەر پاش ئەوەی فەرمانی هەرێمییان بۆ دەرچوو، له‌ رێوڕه‌سمێكدا لەبەردەم نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان هه‌ريه‌ك له‌ دادوه‌ر جاسم جه‌زا جافر، دادوه‌ر‌ جاسم محه‌مه‌د مسته‌فا و دادوه‌ر تاهر عه‌لى حه‌سه‌ن بۆ ئه‌نداميه‌تي دادگاى پێداچوونه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان، سوێندى ياسايييان خوارد و ده‌ستبه‌كار ده‌بن.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، دواى سوێندخواردن، نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان جه‌ختى له‌ پارێزگارى و پشتيوانيى ته‌واوى خۆى بۆ سه‌ربه‌خۆیی ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى و دادگاكان كرده‌وه‌، به‌ شێوه‌يه‌ك كه‌ ببێته‌ مايه‌ى جێبه‌جێبوونى دادوه‌رى و جێى دڵنيايى و متمانه‌ى هاووڵاتیيانیش.

راشیگەیاند، له‌ چوارچێوه‌ى بايه‌خدان به دامه‌زراوه‌ى دادوه‌ريدا و بۆ پڕكردنه‌وه‌ى پێداويستييه‌كانى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى، پاڵپشت به‌ بڕگه‌ى 16 له‌ مادده‌ى 10 ياساى سه‌رۆكايه‌تي هه‌رێمى كوردستان، ژماره‌ يه‌كى ساڵى 2005ى هه‌مواركراو و له‌به‌ر رۆشناييى داواكاريى ئه‌نجومه‌نى دادوه‌ريى هه‌رێمى كوردستان،  نێچيرڤان بارزانى فه‌رمانى هه‌رێمى بۆ دامه‌زراندنى ئه‌و سێ دادوه‌ره‌ ‌ بۆ دادگاى پێداچوونه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان واژۆ كردووه.

ئا: لاڤین عومەر