وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق: وشکەساڵی ئەمساڵ بێ وێنەبوو

"تورکیا پابەندی رێککەوتن نابێت"
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق دەڵێت: وشکەساڵی ئەمساڵ لە عێراقدا وێنەی نەبووە. رەخنەش لە تورکیا دەگرێت کە بەردانەوەی ئاوی بۆ رووباری فورات کەمکردووەتەوە.

عەون زیاب، وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەهۆی بەرزی پلەکانی گەرما، ساڵانە نزیکەی هەشت ملیار مەترسێجا ئاو لە عێراق بە هەڵم دەبێت.

وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، گوتی: "ئەمساڵ بۆ عێراق ساڵێکی سەخت بوو، ئەم وشکە ساڵییە پێشتر وێنەی نەبووە، چ لە رووی کۆگاکردنی ئاو لە رێگەی بەنداوەکان یاخو پشتبەستن بە ئاو لە رێگەی وڵاتان دراوسێ، ساڵانە بەهۆی بەرزی پلەکانی گەرماوە نزیکەی هەشت ملیار مەترسێجا ئاو لە عێراق بە هەڵم دەبێت و ئەمەش ژمارەیەکی گەورەیە، ئێستا هەڕەشە لەسەر رووباری فورات هەیە، سەرچاوەی رووبارەکەش تورکیایە، کە سەدا 90ی ئاوەکەی لەو وڵاتەوە دێت، بەداخەوە بەهۆی چەند هۆکارێک، کە هەندێکیان سیاسین، رێژەیەکی دیاریکراو لە ئاو لەلایەن تورکیاوە بۆ رووباری فورات بەردەدرێتەوە".

گوتیشی: "پێشتر بە گوێرەی رێکەوتنێک کە لە نێوان عێراق و سووریا لەگەڵ تورکیا لە ساڵی 1987 واژۆکراوە، دەبێت تورکیا لە چرکەیەکدا 500 مەتر سێجا ئاو بەربداتەوە، بەڵام چەند ساڵێک تورکیا بەردانەوەی ئاوی بۆ رووباری فورات بۆ 300 مەترسێجا لە چرکەیەکدا کەمکردووەتەوە".