شاخەوان عەبدوڵڵا داوای دەستپێکردنی گفتوگۆ دەکات بۆ دانانی پارێزگارێکی کورد لە کەرکووک

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر:

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەبارەی کۆتاییهاینی ژماردنەوەی دەنگی تایبەت لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە پەیامێدا داوا لە تیمی کوردی دەکات  هەرچی زووە تیمی کوردی گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکە دەستپێبکەن بۆ دانانی کەسێکی دڵسۆزی کورد بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک.

رۆژی یەکشەممە (24ـی کانوونی یەکەمی 2023) شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: "ئەمڕۆ لە دوای کۆتاییهاتنی جیاکردنەوە و ژماردنەوەی دەنگی تایبەت لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق دەمەوێت ئەوە رابگەیەنم کە دواجار کورسی کورد بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان وەکو پێویست و لە ئاست خواستی خەڵکی کوردستان بەگشتی و کوردستانیانی ئەو ناوچانە نەبوو."

شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەشکردووە: "هۆکارەکەی هونەری بێت یان بابەتی تەنزیمی و تەنانەت کەمتەرخەمی، هەرچەندە لەدوای 2005ـوە یەکەم جارە کورد لە نیوەی کورسییەکانی کەرکووک کەمتر بهێنێت بەڵام ئەوەی گرنگە تواندرا  لە کەرکووک کورد وەکو پێکهاتە زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگا ببات و بەپلەی یەکەم بمێنێت".

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی شاخەوان عەبدوڵڵا داوای کردووە، هەرچی زووە تیمی کوردی بۆ گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ پێکهاتەکانی تر بۆ دانانی کەسێکی دڵسۆزی کورد وەکو پارێزگار لە کەرکووک و پۆستە گرنگەکانی تریش لە مووسڵ و شارەکانی تر دەست بەکاربن و بەرنامەیەکی چڕی هەمەلایەن بۆ ئەو ناوچانە دارێژن و لەگەڵ پێکهاتەکانی تر گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سوپاسی هاووڵاتییانی کەرکووک و سەرجەم ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانی کردووە کە دەنگی خۆیان بۆ پاراستنی شوناسی ئەو ناوچانەدا.

لەبارەی کەمبوونی دەنگەکانیش شاخەوان عەبدوڵڵا هیوای خواستووە هەموولایەک سوودیان لە هەڵەکانیان وەرگرتبێت و نووسیویەتی: "هۆکاری دابەزینی دەنگی کوردیش هەرکەس و لایەنێک بێت، سزای حزبی و یاسایی خۆی وەربگرێت."

رۆژی سێشەممە (19ـی کانوونی یەکەمی 2023) کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی بەرایی لایەنەکانی لە ئەنجوومەنی پارێزگاکان راگەیاند و لە کەرکووک لایەنە کوردییەکان زۆرینەی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە.

رۆژی (16 و 18ـی کانوونی یەکەمی 2023) پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتی لە پارێزگای کەرکووک بەڕێوەچوو، کە بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن رێژەی بەشداریکردن لەو پارێزگایە گەیشتە 66%، سەرەڕای ئەوەی بەهۆی کێشە لە ئامێرەکانی دەنگدان و نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر و کارتی دەنگدان، هەزاران هاووڵاتی کورد لەو شارە بێبەشبوون لە دەنگدان.

دوای 18 ساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا لە کەرکووک بەڕێوەچوو، کە لە دوای هەڵبژاردنەکانی 2005 و رووداوەکانی 16ـی ئۆکتبەرەوە، بووە یەکەم هەڵبژاردنی ناوخۆیی لە شارەکە. هەرچەندە هەوڵ بۆ دواخستنی دەدرا بەڵام رۆژی سێشەممە (12ـی کانوونی یەکەمی 2023) دادگای باڵای فیدراڵی ئەو دوو سکاڵایەی رەتکردەوە کە داوایان کردبوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دوابخرێت.

ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەگوێرەی یاسای نوێی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە 15 کورسی گشتی و یەک کورسی کۆتای کریستیانەکان پێکهاتووە و کورد لە کەرکووک چاوی لەوەیە زیاتر لە نیوەی کورسییەکان بەدەستبهێنێت بۆ ئەوەی بتوانێت پارێزگارێک بۆ شارەکە هەڵبژێرێت.

دەسەڵاتی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بریتییە لە هەڵبژاردنی پارێزگار و جێگرەکانی و بەرپرسانی ئیداری، هاوکات دەسەڵاتی لادان و لێپرسینەوەشی لە کارەکانیان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا، چاودێریکردن و پەسەندکردنی پلانی پرۆژەکان لەسەر ئاستی پارێزگاکان بەشێکی دیکەیە لە ئەرک و دەسەڵاتی ئەنجوومەنی پارێزگاکان.