بەهای دۆلار لە خوار 150 هەزار دینار سەقامگیر دەبێت؟

بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو - وێنە: ئەرشیف
بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو - وێنە: ئەرشیف

K24 - هەولێر:

هێشتا بەهای دۆلار جێی نیگەرانیی بازاڕەکانە، بە تایبەت لە کاتێکدا بۆ هەر دۆلارێک لە بانکی ناوەندیی عێراق بە 1310 دینار دەفرۆشرێت، لە بازاڕەکان لە بەرامبەر هەر دۆلارێک پێویستی بە 1500 دینارە، بەڵام لە هەمان کاتدا، بە دوای بەرزبوونەوەی 100 دۆلار بۆ ئاستەکانی 167 هەزار و دابەزینەوەی بۆ خوار 150 هەزار دینار، گەشبینی بۆ بازاڕەکانی ئاڵوێری دراو هێناوە، چونکە نزیکەی پێنج مانگە بەهای دۆلاری ئەمەریکی بەرانبەر بە دینار بۆ ئەم ئاستە دانەبەزیووە.

گۆڕانکاری بەهای دۆلار بەرانبەر بە دینار لە ماوەی مانگێکدا:

0

 

بۆچوونی شارەزایانی ئابووری لەبارەی بەهای دۆلار

شارەزایان، بۆچوونی جیاوازیان لەبارەی داهاتووی بەهای دۆلار بەرانبەر بە دینار هەیە، بەشێکیان پێشبینی دابەزینی بەردەوامی بەهای دۆلار بەرانبەر بە دینار دەکەن، بەشێکی دیکە بە دووری دەزانن بەهای دۆلار لە مەودای کورتخایەندا بتوانێت لە خوار 150 هەزار سەقامگیر بێت.

نەبیل مەرسوومی شارەزای ئابووریی رایگەیاندووە، ئەستەمە نرخی دۆلار لە کورتخایەن دابەزێت و بۆ کەمتر لە 150 هەزار دینار سەقامگیر بێت. مەرسوومی، هۆکارەکەی گەڕاندەوە بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی عێراق لەگەڵ ئێران بە تایبەت تا ئەو کاتەی ئێرانییەکان ئامادەبن بۆ هەناردەکردنی کاڵاکانیان بۆ عێراق تا ئاستی 1600 دینار بۆ هەر دۆلارێک، بە بێ ئەوەی کاریگەری لەسەر توانای کێبڕکێی کاڵاکانی ئێران هەبێت لە بازاڕەکانی عێراقدا.

بەپێچەوانەی مەرسوومی، بۆچوونی شارەزایانی دیکە جیاوازە. عەبدولرەحمان مەشهەدانی پێشبینی دەکات، بەهای دۆلار بەردەوام بێت لە دابەزین و بە جۆرێک لە نیوەی دووەمی مانگی یەکی ساڵی 2024 بەهای سەت دۆلار بۆ ئاستەکانی 145 هەزار دینار دابەزێت. ئەو شارەزاییە لە بارەی دابەزینی بەهای دۆلار رایدەگەیەنێت، بەهای دۆلار لە بازاڕەکانی عێراق بەردەوامە لە دابەزین، تەنانەت ئەگەر سنورداریش بێت، بەڵام بەردەوامە، ئەماژە بەوەش دەکات رێکارەکانی بانکی ناوەندی عێراق و حکومەت بەشداربوونە لە دابەزینی بەهای دۆلار.

ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە ناردنی دۆلار بۆ عێراق؟

رۆژی یەکشەممە (24ـی کانوونی یەکەمی 2023) ئەلینا رۆمانۆوسكی، باڵیۆزی ئەمەریكا، لە عێراق لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) ئاماژە بەوە کردووە، لەپێناو بەرژەوەندی سەقامگیری ئابووری عێراق وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە ناردنی دۆلار بۆ عێراق. جەختیکردەوە، بانکەکانی عێراق یەکەمین جارە پەیوەندی لەگەڵ بانکە نێودەوڵەتییەکان دروست بکەن و ئەمەش ئەرێنییە بۆ پێشکەوتن لە چاکسازی لە کەرتی بانکییدا.

پەیامەکەی باڵیۆزی ئەمەریكا لە کاتێکدایە، 14ی ئەم مانگە، بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند لەگەڵ یەدەکی فیدراڵی و وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا رێککەوتوون سەبارەت بە دابینکردنی پێداویستی عێراق بۆ دۆلاری بۆ ساڵی داهاتوو. هاوکات ئەمەریکا ستایشی هەوڵەکانی بانکی ناوەندی عێراقی لە ماوەی 2023 کردووە لە پێناو خۆ گونجاندنی لەگەڵ سیستەمی بانکی جیهانییدا.

کەواتە، دۆلار لە خوار 150 هەزار دینار سەقامگیر دەبێت؟

لێدوانی بەرپرسانی ئەمەریکا سەبارەت بە بەردەوامی ناردنی دۆلار بۆ عێراق ئەرێنیە بۆ بەهای دینار و بەردەوامی دابەزینی دۆلار. هاوکات، گەشبینی بازاڕەکانی دراو و خەڵك بە جێبەجێکردنی رێکاری نوێی بانکی ناوەندی عێراق بەتایبەت بە دینارکردنی مامەڵەکانی ناوخۆ لە 2024 هۆکاری پشت ئەم بەرزبوونەوی بەهای دینارە، بەڵام لەگەڵ گەشبینی بازاڕەکان و چوونە نێو ساڵی نوێ، بازاڕی دراو جارێکی دیکە ناسەقامگیرییەکی زۆر بەخۆیەوە دەبینێتەوە و پێویستە هاووڵاتییان بە وریاییەوە مامەڵە لە بازاڕی دراودا بکەن و خۆیان بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادە بکەن بە دابەزینی بەهای دۆلار بێت یاخود بەرزبوونەوەی، چونکە بەرزبوونەوەی بەهای دینار و دابەزینی دۆلار بەستراوەتەوە بە جێبەجێکردنی رێکارەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لە لایەن بانکی ناوەندی عێراق و لەلایکی دیکەوە سەرکەوتنی عێراق لە بە دینارکردنی مامەڵەکانی ناوخۆ و پارەدارکردنی هاوردەکردنی کاڵاکانی ئێران بۆ عێراق بە دراوی دیکەی جیا لە دۆلار چونکە تا دۆلار دابەزێت لە بازاڕەکان، ئەوەندەی دیکە زیاتر کاڵای ئێرانی لە بازاڕەکانی عێراق دەبێت و خواستی بازگانانی ئێران بۆ دۆلار بەرز دەکاتەوە و جارێکی دیکە فشاری بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بۆ بازاڕەکان دەهێنێتەوە.